
سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک.
پارێزگارە نوێیەکە لە بەرەی تورکمانییە.
زانیارى کەناڵ8: قەحتان وەنداوی پۆستى پارێزگارى کەرکووک وەردەگرێت.
سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک کۆدەبێتەوە و بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، پارێزگارە نوێیەکە لە بەرەی تورکمانییە و قەحتان وەنداوی پۆستەکە وەردەگرێت.
کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانى عەرەب، کورد و تورکمان بەڕێوەچووە.
تیایدا تاوتوێی چارەسەرکردنى پۆستى پارێزگارى کەرکووکیان کردووە.
بڕیارە سبەى چوارشەممە، کاتژمێر 4:00ـى پاشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆببێتەوە.
کۆبوونەوەکەى سبەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دوو تەوەر لە خۆدەگرێت.
تەوەرى یەکەمیان دەستلەکار کێشانەوەى محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک.
تەوەرى دووەم هەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێیە بۆ شارى کەرکووک.
پارێزگارە نوێیەکەى کەرکووک لە بەرەی تورکمانییە.
قەحتان وەنداوی، بەرپرسى لقى کەرکووکى بەرەى تورکمانى بەربژێرە بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگار.
تاوەکو دوێنێ چەند سیناریۆیەک لەسەر پۆستەکانى پارێزگاى کەرکووک هەبوو لەوانە، پێکهاتەى تورکمان پۆستى جێگرى دووەمى پارێزگارى کەرکووک وەربگرێت کە ئێستا لەلاى پێکهاتەى عەرەبە و هەروەها ڕۆڵى پارێزگارى کەرکووکیش بە وەکالەت ببینێ، لە هەمانکاتدا پۆستى پارێزگار بدرێت بە پێکهاتەى عەرەب بەڵام مەرسوومى کۆمارى بۆ دەرنەکرێت تاوەکو سەرى ساڵ، بەڵام تورکمان بە پێشنیازەکە ڕازى نەبووە.
بەگوێرەى ڕێککەوتنى سیاسى نێوان پێکهاتەکانى عەرەب، کورد و تورکمان، پێکهاتەى تورکمان تاوەکو سەرى ساڵ پۆستى پارێزگار وەردەگرێت و دواتر پێکهاتەى عەرەب پۆستەکە وەردەگرێتەوە.
هاوکات، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە پێکهاتەى عەرەب بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سەرى ساڵ پۆستى پارێزگارى کەرکووک لە تورکمان وەردەگرنەوە.
بڕیاریشە لە دواى وەرگرتنى پۆستى پارێزگار لەلایەن پێکهاتەى عەرەبەوە لەسەرى ساڵەوە چەند گۆڕانکاریەک لە دابەشکردنى پۆستەکان ڕووبدات و کورد چەند پۆستێک وەردەگرێتەوە لەوانە: سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، فەرماندەى پۆلیسى کەرکووک و لەمڕۆشەوە بەشى پلاندانانى لە دیوانى پارێزگاى کەرکووک پێکهاتەى عەرەب وەرگرتووەتەوە و کۆمەڵێک پۆستى دیکەش وەردەگرێتەوە.
وەرگرتنەوەى ئەو پۆستانە لەلایەن کوردەوە لە کاتێکدایە لە مانگى نیسانى ئەمساڵ نزیکەى 15 پۆستى ئیدارى وەرگرت لە چوارچێوەى ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگار لە نێوان کورد و تورکمان.