مەسعود پزیشکیان: هەموومان یەکین و بۆ جیاکردنەوەمان هێڵێکیان کێشا

کەناڵ8 12/09/2024
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AFP
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AFP

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران کە ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد رایگەیاند، "ئێمە لەم دیو و ئەمدیوی سنوور کوردنشینمان هەیە، هەموومان یەکین، تەنیا هێڵێکیان کێشا و بۆ ئەوەی ئەمانە لە یەک جیابکەنەوە و شەڕ بکەن، ئێمە نەک هەر شەڕمان نییە، بەڵکو پەیوەندیمان بە یەکەوە هەیە".

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەرى فەرمى "دکتۆر پزیشکیان" سەرۆککۆمارى ئێران رایگەیاندووە، "بەلوچەکانی ئەمدیوو پەیوەندییان لەگەڵ بەلوچەکانی ئەودیو هەیە. ئێمە لە کۆندا لەگەڵ تورکیا، بەلوچستان، ئەرمینیا، پاکستان و ئەفغانستان دا یەک هێز بووین، ئەم کۆمەڵەیەیان کرد بە هەڕەشە، بەڵام ئێمە دەیکەین بە دەرفەرت".  پزیشکیان گوتیشى، "ئێمە پێکەوە براین".

گوتیشی، "لە نێوان ئێمە و دراوسێکاندا پەیوەندیی قەومی و خزمایەتی هەیە، لە راستیدا ئێمە ئاوێتەبوونێکی قەومی و خزمایەتی و مێژوویمان هەیە، ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگرین. ئەمانە بۆ خۆیان دەرفەتن، بەڵام ئێمە کردمانن بە هەڕەشە، بەڵام کاتێک دەرفەتەکان سوودیان لێوەربگیرێت و پەیوەندییەکان بەهێز بکرێن، ژیانی خەڵکی ئەمدیو و ئەو دیوی سنوور باشتر دەبێت".

پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەمشێوەیە ئابووریی گەشە دەکات و هێزى کۆمەڵایەتی و سیاسیی زیاتر دەبێت، ئەزموونەکان دەگوازرێنەوە و سیاسەتەکان هاوئاهەنگ دەبن، ئەمانە ئەو کارانەن، کە بیانکەین. بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی وەک دەرفەتێک بیانبینین، کردمانن بە هەڕەشە، دەتوانین سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین و پەیوەندییەکی دۆستمانەمان لەگەڵ  هەمووان هەبێت و ئەم خاڵەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی ئەم دیوی سنوور و ئەو دیوی دیکەی سنوور دروست بکات".

لە دیمانەکەدا پزیشکیان ئاماژەى بەرێبازى پێغەمبەرى ئیسلام لەمەدینە کردووە و گوتوویەتى، "یەکەم شت کە پێغەمبەری خودا لە مەدینە کردی پەیمانی برایەتی بوو، گرنگترین بابەت لەنهێنیی سەرکەوتنی برایەتی ئەوەیە، موسڵمانان هەست بەهاوسۆزی و یاوەری بکەن، ئەم بابەتە هەم بۆ ناوخۆ و هەم بۆ دراوسێکانیشدا مانای هەیە، وەک ئەوە نییە لە ناوەوە وشەیەک بڵێین و لە دەرەوە وشەیەکی دیکە، ئێمە براین و دەتوانین پەیوەندیمان هەبێت".

کەناڵ8

12/09/2024