دەستەى دەسپاکى: لەم هەفتەیەدا پەیماننامەى شەرەف بە لیستەکانى هەڵبژاردن واژۆ دەکەین

لۆگۆی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان

سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا پەیماننامەى شەرەف بە لیستە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان واژۆ دەکەن، دەشڵێت: ئامانج لە پەیمانەکە پابەندبوونە بە پرەنسیپەکانى سەروەریی یاسا و بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنێکى شارستانییانە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "داواى کۆبوونەوەى نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان دەکەن بەئامادەبوونى یوئێن دیپى، تێبینى سەرجەم لایەنە بەشدارەکانى هەڵبژاردنیان وەرگرتووە و بەنیازن لەو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژى سێشەممە یاخود چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، کۆپیەکى دەخەنەبەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەى واژۆى لەسەر بکەن".

سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێمى کوردستان گوتیشى، رەشنووسى پەیماننامەى شەرەف تەواوبووە و چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، وەک پابەندبوون بە پرەنسیپەکانى سەروەریى یاسا و بنەماکانى دیموکراسى، بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنێکى شارستانییانە، داکۆکیکردن لە قەوارەى دەستووریی هەرێمى کوردستان، پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ لەسەر بنەماى دەستوور و یاسا بەرکارەکان، هاوکات بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى".

رۆژى 25ى ئەیلولى 2024، بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکردووە و 15ى تشرینى یەکەم کۆتایی پێدێت و بریارە 20ـى تشرینى یەکەمى 2024 پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت.

جەبار حسین

Sat Sep 28 2024

Loading related news...