وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە

ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانى هەرێمی کوردستانى کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمى کوردستان و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریایان تاوتوێکرد.

بەگوێرەى راگەیەندراوى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووريا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق، تاوتوێکراوە و پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جياكاندا، گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هه‌موو بوارەکاندا دووپاتکردەوە، هه‌روه‌ها هاوكاريى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و يارمه‌تييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ پێكهاته‌كان، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، بۆریس پیستۆریوس، جەختی لەسەر پابەندیی ئەڵمانیا بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە و رایگەیاند، ئه‌ركى هێزه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام دەبێت.