
دیزاینی ئۆتۆمبێلێک بووەتەهۆی ناکۆکی لەنێوان لاند رۆڤەر و BYD.
لاند رۆڤەر جەخت لەسەر پاراستنی دیزاینەکانی دەکاتەوە.
دوای قەدەغەکردنی فرۆشتنی مۆدێلێکی لە ئەورووپا BYD تانە لە بڕیاری دادگا دەدات.
دوای ئەوەی دادگایەک فرۆشتنی جۆرە ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای بی وای دی لە ئەورووپا ڕاگرت، بەهۆی ئەوەی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بەناوبانگیی لاند ڕۆڤەر دیفێندەر دەچێت، ئەمڕۆ کۆمپانیای جاگوار لاند ڕۆڤەر ڕایگەیاند، کار دەکات بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فیکریی خۆی.
دادگایەک لە لاهای بڕیاری دا کە مۆدێلی تای سێڤنی کۆمپانیای بی وای دی، توخمە جیاواز و پارێزراوەکانی دیزاینی ئۆتۆمبێلی دیفێندەرL66 تێدایە.
بەتایبەتی شانە چەماوەکانی ئۆتۆمبێلەکە، هەروەها گۆشە خڕەکان، کەوانەی تایەکان و شێوەی گشتیی ئۆتۆمبێلەکە.
دادگا نیشتمانییەکانی ئەورووپا دەتوانن بڕیاری مافی خاوەندارێتیی فیکری دەربکەن کە لە سەرانسەری 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا جێبەجێدەکرێت.
گوتەبێژێکی جاگوار بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "جەی ئێڵ ئاڕ بەردەوامە لە وەبەرهێنان لە داهێنان و نوێگەریدا، ئێمە پارێزگاری لە خاوەندارێتیی فیکریی خۆمان دەکەین و هەر کاتێک پێویست بێت ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر".
ئەو گوتەبێژە ڕاشیگەیاند، ڕێکارە یاساییەکانیان بەردەوامن و بۆ ئێستا هیچ لێدوانێکی زیاتر نادەن.
کۆمپانیای بی وای دیی چینیش ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی دەدات کە بەشێوەیەکی کاتی ڕێگری لە هاوردەکردن، دروستکردن، کۆگاکردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تای سێڤن لە سەرانسەری یەکێتیی ئەورووپادا دەکات.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتی:"بە تووندی لەگەڵ بڕیارەکەدا ناکۆکە و تانەی لێدەدات، ئۆتۆمبێلی بی وای دی تای سێڤن، بەرهەمی کاری دیزاینی سەربەخۆی خودی بی وای دییـە و هیچ یەکێک لە مافەکانی جاگوار لاند ڕۆڤەر پێشێل ناکات."
تای سێڤن کە ساڵی ڕابردوو لە چین خرایە بازاڕەوە، هێشتا لە یەکێتیی ئەورووپا نەفرۆشراوە و چاوەڕوان دەکرێت گەیاندنەکانی بۆ بەریتانیا لە مانگی کانوونی دووەمدا دەست پێبکات.
هەر ئەمڕۆ، لە هەنگاوێکدا بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازیی ناوخۆیی، یەکێتیی ئەورووپا، دوای ڕێککەوتنەکەی مانگی ڕابردووی لەگەڵ چین، پشکی دیاریکراوی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
مانگی ڕابردوو برۆکسل و پەکین ڕێککەوتن کە هەناردەی ئۆتۆمبێلە هایبریدە پڵەگ ئینەکان و ئۆتۆمبێلە هایبریدەکانی دیکەی چین بۆ یەکێتیی ئەورووپا سنووردار بکەن، وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنێک بۆ خۆلادان لە جەنگی بازرگانی.
