
لە ئەمریکا وشەی حەبیبی لە لیستی زۆرترین گەڕانەکانی ناو گووگڵدایە
گەڕانەکان دوای ئەوە هاتن سیناتۆری نوێی میشگن جەی دی ڤانسی بە حەبیبی ناوبرد
ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا و لەکاتێکدا خەڵک لە گووگڵ بەدوای ئەنجامەکاندا دەگەڕان تاوەکو بزانن کێ براوەی هەڵبژاردنەکان بووە، پرسیارێکی دیکەش بووبووە ترێند لە ناو بزوێنەری گەڕانی گووگڵ ئەویش ئەوەیە:"واتای وشەی حەبیبی چییە"؟
بەگوێرەی داتای گووگڵ ترێندز، گەڕانی "HABIBI MEANING"، کە بە کوردی دەبێتە "واتای حەبیبی" لە 4ـی تشرینی دووەمدا پلەی حەوتەمی لەنێو بەناوبانگترین گەڕانەکاندا بەدەستهێناوە.
ویلایەتی میشیگن زۆرترین گەڕانی بۆ واتای وشەکە تۆمارکردووە، لەکاتێکدا چەند گەڕانێکی دیکەش باسیان لەوە کردووە پەیوەندی ئەو وشەیە بە جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە چییە؟
چیرۆکەکە لە شاری دیترۆیتی میشگنەوە دەستیپێکرد، کاتێک عەبدولڕەحمان سەیدی سەر بە دیموکراتەکان، لە وتاری سەرکەوتنیدا دوای ئەوەی کورسیی ئەنجوومەنی پیرانی میشگنی بردەوە، چەند گوتەیەکی ئاڕاستەی جەی دی ڤانس کرد کە پێشتر بە تووندی هێرشی کردبووە سەر و پێیگوت "جەی دی حەبیبی".
چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن، ڤانس لە گردبوونەوەیەکدا لە نزیک دیترۆیت عەبدولی بە "زۆر، زۆر خراپ" وەسف کرد و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا هۆشداری دا کە سەید سەرکردایەتی یاخیبووان دەکات بۆ ئەوەی شارەکە بسوتێنن، نەوەکو تەنیا ڤانس، بەڵکو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش هێرشی تووندی دەکردە سەر سەید.
کاتێک عەبدولرەحمان سەید کە بە ڕەچەڵەک میسرییە و موسوڵمانە لە کاندیدی کۆمارییەکانی بردەوە، بڕیاریدا لەنێو جۆش و خرۆشی لایەنگرەکانیدا، بە وتارێکی ئاشتیخوازانە، ئەو ڕکابەرییە تێپەڕێنێت.
بەم سەرکەوتنەی، سەید بووە یەکەم موسڵمان کە بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.
دوای ئەوەی وشەکەی سەید بووە ترێند لەناو ئەمریکییەکان، سیناتۆرەکە ڕێکخراوێکی سیاسیی بە ناوی "حەبیبی پاک" دامەزراند بۆ پشتیوانیی دارایی کاندیدەکان کە ئەم جۆرە ڕێکخراوانە لە ئەمریکادا پارە کۆدەکەنەوە بۆ پشتگیریکردن یان سەرکۆنەکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردندا.
لەگەڵ زیادبوونی گەڕانەکان بۆ واتای "حەبیبی" لە گووگڵ، میدیای ئەمریکا هەوڵیدەدا وشەکە بۆ خوێنەرانی ئەمریکی ڕوون بکاتەوە و ئەوە بخاتەڕوو کە چۆن لە گفتوگۆی ڕۆژانە لەنێوان دوو هاوڕێدا بەکاردێت، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، وشەی حەبیبی بە وشەی "پاڵ" و "بەدی" ئینگلیزی چوواند کە بە واتای هاوڕێ دێن.
