لە هەولێر لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارى لافاوەکە پێکهێنرا

پووختەى هەواڵ

  • بەرپرسانى حکومەتى خۆجێى هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێى لێکەوتەکانی لافاوەکەی دوێنێی شارەکەیان کرد.

  • لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران لەوانە پێکهێنانى ژوورى هاوبەش و لیژنەى لێکۆڵینەوە.

  • بڕیارە سەرجەم زیانەکان تۆماربکرێن و دواتر زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە.


کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانى دیکە بووە، تێیدا چەند بڕیارێکی “گرنگ و بەپەلە” بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا دران.


بڕیارەکان:

یەکەم: پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش بۆ دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ و لیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.

دووەم: پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە.

سێیەم: ڕاسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەنیدارەكان بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە ماددییەکانی هاووڵاتیان.

چوارەم: ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و ڕێگاوبانی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێگاوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شاری هەولێر.

پێنجەم: ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.

لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر، سوپاسی هەموو ئەو پارێزگارانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر ئەرک و هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر پیشانداوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

پردى سەیداوە بووە بە ڕەمزى لافاو؛ کۆڕنیشەکە کاسبکارانى ماڵوێران کرد

بەرپرسیارێتیی لافاوەکە لە ئەستۆی کێیە؟ هۆشدارییەکانی کەناڵ8 و کەمتەرخەمی بەرپرسان

Loading related news...