لیڤەرپووڵ لە خەونی بەدەستهێنانی چوار ناسناوه‌

لویس دیاز، یەکێك له‌ ئه‌ستێره‌كانى لیڤه‌رپووڵ له‌ وه‌رزى ئه‌مساڵ وێنه‌ :AP

مانچێستەر یونایتد هەوڵدەدات سوود لە فاکتەری یاریگە وەربگرێت، تاوەکو لیڤەرپووڵ بێبەش بکات لە خەونی بەدەستهێنانی چوار ناسناوی ئەم وەرزە لەگەڵ یۆرگن کلۆپ، کاتێک لە ئۆڵدترافۆرد، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی یەکێتی یانەکانی ئینگلتەرا رووبەڕوودەبنەوە.

لیڤەرپووڵ لەم وەرزەدا لەسەر حیسابی چێڵسی جامی کاراباوی بەدەستهێنا، لە جەمسەرێکی دیکەوە لەگەڵ ئارسیناڵ و مانچستەر سیتی شەڕ دەکات بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگ، هەروەها گەیشتووەتە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ و لە داهاتوودا ڕووبەڕووی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دەبێتەوە.

بە پێچەوانەی لیڤەرپووڵەوەکە لە زیاتر لە بەرەیەکدا کێبڕکێ دەکات، یونایتدی تین هاگ دوای شکستهێنانیان لە کاراباو کەپ و دەرچوونیان بە دەستی بەتاڵ لە چامپیۆنزلیگ و لەدەستدانی خەونی پرێمەرلیگ، جامی یەکێتی یانەکانی ئینگلتەرا تاکە ئومێدێکە بۆ بۆ ڕزگارکردنی وەرزەکەی.

لیڤەرپووڵ وەرزی ڕابردوو بە ئەنجامی حەوت گۆڵی بێوەڵام لە پرێمەرلیگ یونایتدی زەلیل کرد، بەڵام لەم وەرزەدا ئیریک تێن هاگی ڕاهێنەر درک بەوە دەکات، کە سەرکەوتن بەسەر ئەو یانەیەدا گووشارەکانی سەری کەمدەکاتەوە و لە کێشمەکێشمی دەرکردنیش رزگاریدەکات، ئەوەش خۆی لەخۆیدا بەهیزترین پاڵنەرە تاوەکو ئەمشەو بەوپەڕی توانای خۆیانەوە هەوڵی سەرکەوتن بدەن.

ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە لەم یارییەدا تواناکانی ڕاسموس هۆیلۆندی بۆ دەگەڕێتەوە، کە 30 یاریدا 13 گۆڵ و دوو ئەسیستی تۆمارکردووە و بەهۆی پێکانی ماسولکەییەوە لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئەوپەری خزمەت بە یانەکەی بکات، لە بەرامبەردا یۆرگن کلۆپ بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی زیاتر لە نۆ یاریزانی بێبەشدەبێت و چانسەکە بۆ یونایتد لەبارە.

دوایین یاریی نێوان هەردوو یانەش لە ئێف ئەی کەپ دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 2020-2021، کاتێک لە ئۆڵدترافۆرد ڕووبەڕووی یەکدیبوونەوە و یونایتد بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.