ئاکرێ سه‌ركه‌وتنى نووسیه‌وه‌ و سۆرانیش شکست

دیمەنێك له‌ یارى نێوان سیروانى نوێ و سه‌یدسادق وێنه‌:وشیار عومه‌ر

لە یاریی لووتکەی گەڕی 26ی خولی نایابی کوردستان، یانەی ئاکرێ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر تۆمارکرد، بەو ئەنجامەش پێشەنگی خولی نایابیان گرت.

لە خولەکی 11ی تایمی یەکەم، عاید ئەنوەر گۆڵی پێشکەوتنی ئاکرێی تۆمارکرد و ئەو تایمە هەر بەو ئەنجامە کۆتاییهات.

دوای دوو خولەک لە دەستپێکی تایمی دووەم، جارێکی دیکە عەلی فایەق گۆڵی بۆ ئاکرێ تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 79 عاید ئەنوەر ئەنجامەکەی کردە سێ گۆڵی بێوەڵام، لە کاتی زیادکراویشدا عەبدوڵلا سەربەسی گۆڵێکی بۆ پێشمەرگەی هەولێر تۆمارکرد، یارییەکەش بە ئەنجامی (3 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ) لەبەرژەوندیی ئاکرێ کۆتاییهات.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، ئاکرێ بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ سەرکەوت بۆ پێشەنگی ریزبەندیی خولی نایاب.

لە یارییەکی دیکەدا، یانەی سۆران لە یاریگەی خۆی بەرامبەر دەربەندیخان یاریکرد، یانەی میوان توانی سەرکەوتن تۆماربکات.

لە تایمی یەکەمدا هەردوویانەکە هاوتا بوون، هیچ لایەکیشیان نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات.
لە تایمی دووەمدا یانەی دەربەندیخان باشتر دەرکەوت، لە خولەکی 69 ئیبراهیم سەباح گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەدوای ئەو گۆڵەدا یاریزانانی دەربەندیخان گووشارەکانیان توندتر کردەوە و گۆڵی دووەمیشیان لە رێگەی هەڤاڵ محەمەدەوە لە خولەکی 82 تۆمارکرد.

یانەی سۆران لە خولەکی 87 گۆڵێکی لە رێگەی رێزدار وەلی-یەوە تۆمارکرد، بەڵام تاوەکو کۆتایی یارییەکە نەیانتوانی ئەنجامەکە یەکسانبکەنەوە، یارییەکەش (2 بە 1) لە بەرژەوەندیی دەربەندیخان کۆتاییهات.

لە شاری سلێمانی و لە یاریگەی فەرماندەیی، یارییەکی دیکەی گەڕی 26ی خولی نایابی کوردستان لەنێوان سیروانی نوێ و سەیدسادق ئەنجامدرا، یارییەکەش بە ئەنجامی یەکسانبوون کۆتاییهات.

لە خولەکی 24 پەیام ئەحمەد گۆڵی پێشکەوتنی سیروانی ونێی تۆمارکرد، بەڵام هەر لەو تایمەدا، یادگار ئیبراهیم بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ سەیدسادق یەکسانکردەوە، لە خولەکی 43ش سوهەیب تەها سەید سادقی بە گۆڵی دووەم پێشخست.

لە خولەکی 66ی تایمی دووەم دیلان غەفوور بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ سیروانی نوێ یەکسانکردەوە، دواتر یارییەکە ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی و بەهۆی نیگەرانیی یانەی سەیدسادقەوە یارییەکە راگیرا، دوای دەستپێکردنەوەشی ئەنجامەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهات و 2 بە 2 کۆتاییهات.