توێژینەوەیەک: رەگەزپەرستی کاریگەریی لەسەر ژمارەی راهێنەرە ئەسمەرەکان هەیە

پۆڵ ئینس، راهێنەری یانەی ریدینگی ئینگلیزی. فۆتۆ: AP

سەرەڕای ئەوەی تۆپی پێ یەکێکە لە دێرینترین وەرزشەکان و بە وەرزشیی هەژاران ناودەبرێت، بەڵام ئەم بوارەش لە دیاردەی رەگەزپەرستی بێبەش نییە و لە سەردەمی نوێدا سوکایەتیکردن بە رەنگی کاراکتەرەکان لەنێو یاریگەوە بۆ ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی کێشاوە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژمارەی ئەو راهێنەرانە هەبووە کە لەلایەن یانەکانەوە پێشتیان پێدەبەسترێت.

فیدراسیۆنەکان تۆپی پێی جیهان و ئەوروپا، دەیان ساڵە سەرقاڵی ئەوەن بە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوە و سزادانی رەگەزپەرستان رووبەڕووی ئەو دیاردە بێزراوە ببنەوە، کە بەرامبەر یاریزان و راهێنەرە رەشئەسمەرەکان دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لەدۆزینەوە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بنەبڕکردن و کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە.

دیلرۆی کۆریناڵدی، دامەزرێنەری رێکخراوێکە لە بەریتانیا، کار لەسەر کێشەی کەسایەتییە ئەسمەرەکان دەکات لەبواری تۆپی پێدا و باوەڕی وایە، بابەتی کەمی ژمارەی راهێنەرە رەشئەسمەرەکان پێویستە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.

لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2022 لەلایەن رێکخراوەکەی کۆریناڵدییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە لەسەددا 43ی یاریزانانی ئینگلتەرا ئەسمەرن، بەڵام بەپێچەوانەوە ژمارەی راهێنەرە ئەسمەرەکانی ئەو وڵاتە لەسەددا چوار تێپەڕناکات و ئێستا لە پرێمەرلیگ تەنیا دوو راهێنەری ئەسمەر بوونیان هەیە.

جەمال مۆسلی، راهێنەری یانەی ئیندیانا پەیسەرز لە ئێن بی ئەی. فۆتۆ: AP

کەمی ژمارەی راهێنەرە ئەسمەرەکان کێشەیەک نییە تەنیا لە ئینگلتەرا پەنگی خواردبێتەوە، بە هەمانشێوە لە خولی فەرەنسا تەنیا دوو راهێنەری ئەسمەر لە خولەکەدا بەدیدەکرێت، ئەو ژمارەیەش تا دێت کەمتر دەبێتەوە و لە سێریا ئەی ژمارەکە دەبێتە یەک راهێنەر، لە لالیگا و بۆندسلیگاش هیچ راهێنەرێکی لەوجۆرە بەرچاو ناکەوێت.

دیاردەی کەمی راهێنەرە ئەسمەرەکان تەنیا بە بواری تۆپی پێوە نەوەستاوە، بەڵکو بوارەکانی دیکەشی گرتووەتەوە، وێڵفرێد نانسی، کە راهێنەرێکی فەرەنسیی ئەسمەرە، کاروانی راهێنەرایەتی لەگەڵ یانەی مۆنتریالی کەنەدی دەستپێکرد و ئێستا سەرپەرشتیی یانەی کۆلۆمبۆس کرو ئۆهایۆی پاڵەوانی رابردووی خولی ئەمریکا دەکات، سەیر لەوەدایە سەرباری زیرەکیی هەندێک لەو راهێنەرانە، بەڵام وێڵفرێد تاکە راهێنەری ئەسمەرە لەناو یانەکانی خولەکەدا.

شێرۆن مۆر، راهێنەری یانەی میشیگان لە خولی ئەمریکی. فۆتۆ: AP