بیڵی وایڵدەر.. ئەستێرەی قۆناغی کلاسیکی هۆڵیوود

بیڵی وایڵدەر، یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرەکانی قۆناغی کلاسیکی هۆڵیوود، خاوەنی مێژوویەکی دەیان ساڵەیە لە بەرهەمهێنانی فیلمدا و کاریگەریی لەسەر دەرهێنەرەکانی پاش خۆی دروستکردووە، رێکەوتی 27ی ئازاری 2002، کۆچیدوایی کردووە.

ساموێڵ وایڵدەر، ناسراو بە بیڵی وایڵدەر، رێکەوتی 22ی حوزەیرانی 1906 لە نەمسا لەدایکبووە، لە ئەمریکا وەکو دەرهێنەر ناوی دەرکردووە و لە قۆناغی کلاسیکی هۆڵیووددا یەکێک بووە لە دیارترین دەرهێنەرەکان.

وایڵدەر سەرەتا خەون و ئامانجی خوێندن بووە لە کۆلێژی یاسا، بەڵام بەمەبەستی کارکردن وەکو رۆژنامەنووسی ڤێنیس، دەستبەرداری ئەم خەونە دەبێت و شارەزاییەکی گەورە لە نووسیندا بەدەستدەهێنێت، بەم توانایەوە روو لە بەرلین دەکات و دەبێت بە یەکێک لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئەم شارە، ساڵی 1929، دەست بە نووسینی سیناریۆی فیلم دەکات و چەندین دەقی بۆ فیلمە ئەڵمانییەکان نووسیوە، لەگەڵ هاتنی حوکمڕانیی نازییەکانیشدا، بەهۆی رەچەڵەکە جووەکەیەوە، لە وڵاتەکە هەڵدێت و روو لە پاریس دەکات پاشان لەوێوە، ئەوروپا جێدەهێڵێت و بە خەونی بوون بە دەرهێنەر دەگاتە ئەمریکا.

لە ئاستی ناوەڕۆک و گێڕانەوەی چیرۆکدا، وایڵدەر خولیای بابەتە کێشەلەسەرەکانی کردووە و بەشێوەی گاڵتەوگەپ سەرنجی خستووەتە سەریان، کە زۆرینەی کاتەکان، دوو روویی ژیانی رۆژانەی تاکی ئەمریکی کردووە بە پرسی سەرەکی، توانیویەتی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی زەق و هەستیار لە فیلمەکانیدا بەکاربهێنێت، کە پێش خۆی چەشنێک بوون لە هێڵی سوور لە سینەمادا، لەوانە پرسی بەکارهێنانی توندی خواردنەوە کحولییەکان، زیندانیکراوانی جەنگ و لەشفرۆشی، کۆی ئەم پرسانەی لە چوارچێوەیەکی فراواندا کۆکردووەتەوە کە سایەی پوچگەرایی قۆناغی هاوچەرخیان بەسەرەوە بووە.

تەمەنی هونەریی وایڵدەر ماوەی پێنج دەیەی خایەندووە، توانیویەتی تیایدا خزمەتێکی گەورەی هۆڵیوود بکات و دەرهێنانی بۆ 27 فیلم کردووە و سیناریۆی بۆ 83 دانە نووسیوە، 14 فیلمیشی بەرهەمهێناوە، بە کۆی ئەم بەرهەمانەش، توانیویەتی ببێت بە براوەی شەش خەڵاتی ئۆسکار و 52 خەڵاتی جیاوازی سینەمایی.

لە دیارترین فیلمەکانی وایڵدەر بریتین لە:

The Apartment 1960
Some Like It Hot 1959
Sabrina 1954
Sunset Blvld. 1950

بیڵی وایڵدەر، رێکەوتی 27ی ئازاری 2002، لە تەمەنی 95 ساڵییدا، بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە کۆچیدوایی دەکات و ناوی دەچێتە ریزی دیارترین دەرهێنەرە کلاسیکییەکانی هۆڵیوود.