کوینتن تارانتینۆ.. جیهانێک لە توندڕەویی دادوەرانە

کوینتن تارانتینۆ، بەبێ گومان، یەکێکە لە باشترین دەرهێنەرەکانی هۆڵیوود لە قۆناغی هاوچەرخدا، ئەم دەرهێنەرە، بە شێوازی توند و خوێناوی و گاڵتەوگەپ ناسراوە، پرسە هەستیارە مرۆییەکانی وەکو، فاشیزم، کۆیلایەتی و توندڕەویی کردووە بە بابەتە سەرەکییەکانی خۆی، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 27ی ئازاری 1963، لەدایکبووە، لە یادی 61 ساڵەی ئەم دەرهێنەرەدا، چەند راستییەکی لەسەر بزانە.

لە تەمەنی 16 ساڵییدا، دەستبەرداری خوێندن بووە، لە کۆمپانیای جەیمس، تایبەتمەند بە بواری راهێنانی شانۆیی، هەوڵی فێربوونی نواندنی داوە و پاش دوو ساڵ لە بینینی خول، دەستبەرداری ئەم خوێندنەشی بووە.

وەکو کارمەندی فرۆشگای ڤیدۆیی تایبەت بە فیلمەکان کاری کردووە، لەم شوێنەوە سەرنجی خستووەتە سەر ویست و خولیای خەڵک بۆ بینی فیلمەکان و ژێرخانێکی فراوانی لە زانیارییەکان کۆکردووەتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردەی خەڵک بەرامبەر بە فیلمەکان، بەمەش توانیویەتی دونیابینی خۆی بۆ دەرهێنانی فیلم وێنابکاتەوە و بزانێت لە داهاتوودا دەتوانێت چی بەرهەمبهێنێت.

تارانتینۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی جیهانە سینەماییەکان بەسەر دوو پۆلی جیاوازدا دابەش دەکات، یەکەمیان ناودەنێت، "فیلمی فیلم"، کە تیایدا ژانراکان بەتەواوەتیی ناراستەقینەن، لە پۆلی دووەمیشدا، "راستەقینەتر لە جیهانی راستی"، دەکات بە هەوێنی دروستبوونی ئەو چیرۆکانەی لە جیهانی راستەقینەشدا دووبارە دەبنەوە، بەم جۆرە دیارییدەکات ئەوانەی بینەری فیلمەکانین لە چ ئاست و پۆلێکدا خۆیان دەبیننەوە.

خولیایەکی گەورەی هەیە بۆ جێهێشتنی پرسیار لە فیلمەکانیدا، بە گوتەی خۆی، سەدا 20ی دیمەنی فیلمەکانی نەبینراون، بە نموونە، لە فیلمی "Pulp Fiction"دا، بینەر نازانێت لەناو جانتا سەرەکییەکەدا چی هەیە، ئەمەش فیلمەکە بە کراوەیی جێدهێڵێت و بینەر واتا بە دیمەن و رووداوەکان دەبەخشێت.

رقێکی گەورەی لە وەرزشە، بە گوتەی خۆی، بینینی یارییەکی وەرزشی هاوتای ئەشکەنجەدانە، گومانی لە ئاوەزمەندیی تاکی ئەمریکییە بەرامبەر بە حەزی بەردەوامیان بۆ یارییە وەرزشییەکان، ئاماژە بەوە دەدات؛ لەوە تێناگەم چۆن خەڵک دەتوانن چوار کاتژمێر بەدیار یارییەکی بێزارکەرەوە دابنیشن و ناتوانن سێ کاتژمێر بۆ بینینی فیلمێک تەرخان بکەن.

فیلمەکانی "Inglourious Basterds" و "Django Unchained" دوو دیارترین فیلمی تارانتینۆن سەبارەت بە پرسی تۆڵەسەندنەوە، کە لە بنەڕەتدا سەر بە سێینەی تۆڵەن و بەشی سێیەمی بەناوی "Black Crow" هێشتا بەرهەمنەهاتووە، کە بە گوتەی سەرچاوەکان، لقێکی دەرهێنراوە لە چیرۆکی فیلمی ئینگلۆریەس باستێردس.

رقێکی گەورەی بەرامبەر بە رەگەزپەرستی هەیە، ئاماژە بەوە دەدات، تاقە کارەکتەرێکی دروستکراوی دەستی خۆی کە زۆر رقی لێیەتی و نایەوێت بیری لێبکاتەوە، کارەکتەری کاڵڤن کاندییە لە فیلمی جانگۆ ئەنچەیند، کە ئەکتەری دیاری هۆڵیوود، لیۆناردۆ دیکاپریۆ رۆڵیگێڕاوە.

تارانتینۆ هاوڕێیەکی موزیکدانەری هەیە بەناوی رۆبەرت رۆدریگێز، کە موزیکی سەرەکیی فیلمی "Kill Bill"ی تەنها بە یەک دۆلار بۆ تارانتینۆ داناوە، لە بەرامبەردا، تارانتینۆ دیمەنی فیلمێکی رۆدریگێز بەناوی "Sin City" تۆماردەکات بەهەمان نرخ.

تارانتینۆ لە فیلمەکانیدا خوێنێکی زۆر بەکاردەهێنێت، کوشتن یەکێکە لە رووداوە سەرەکییەکان، لە دوو فیلمی کیڵ بیڵدا، هەزار و 703 لیتر لە خوێنی ساختەی بەکارهێناوە لە تۆمارکردنی دیمەنی کوشتنەکانیدا.

لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمدا، وەکو ئەکتەر بەشدارییەکی زیاتری هەیە بەراورد بە دەرهێنانی فیلم، لە تێکڕای فیلمە درێژەکانیشیدا، دیمەنێکی چێشتخانە پێویستە بوونی هەبێت.

تارانتینۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە هاورێیەتییەکی نزیکی لەگەڵ دیکاپریۆ هەیە، هەر جارێک لە نووسینی فیلمێک تەواودەبێت، رەشنووسەکەی بۆ دەنێرێت و هیواخوازە دیکاپریۆ بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە فیلمی داهاتوویدا بدات.

تارانتینۆ حەزێکی زۆری هەیە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی رووخسارە سینەماییەکان لە فیلمەکانیدا، ساموێڵ ئێڵ جاکسۆن، یەکێکە لە دیارترین ئەو ئەکتەرانەی، بەشدارییەکی زۆریان لە فیلمەکانی تارانتینۆدا کردووە، کە توانیویەتی لە پێنج فیلمی ئەم دەرهێنەرەدا رۆڵبگێڕێت.

تاوەکو ئێستا، کوینتن تارانتینۆ، دەرهێنانی بۆ 24 فیلم کردووە، 31 سیناریۆی نووسیوە و 24یشی بەرهەمهێناوە، وەکو ئەکتەر، لە 40 فیلمدا رۆڵیگێڕاوە، خاوەنی دوو ئۆسکار و 171 خەڵاتی جیاوازی سینەماییە.

لە دیارترین فیلمەکانی تارانتینۆ بریتین لە:

Reservoir Dogs 1992
Pupl Fiction 1994
Inglourious Basterds 2009
Django Unchained 2012
The Hateful Eight 2015