کلاسیکۆی نێوان هیلال و نەسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئەمشەو لە شاری ئەبوزەبی ئیمارات پاڵەوانییەتی جامی سوپەری سعودیە بەبەشداری چوار یانە دەستپێدەکات، ئەوانیش یانەکانی نەسر و هیلال، ئیتیحاد و وەحدەیە، لەیەکەم یارییشدا لوتکەی کلاسیکی نێوان هیلال و نەسر لەقۆناغی پێش کۆتایی بەڕێوەدەچێت.

ئامارەکانی هیلال لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان نمونەییە و زنجیرە بردنەوە لەسەریەکەکانی ریکۆردە جیهانییەکانی تێپەڕاندووە، ئەگەر سەیرێکی یارییەکانی ئەم وەرزەی دوو گەورەکەی سعودیە بکەین دەبینین، کە هیلال لە خولی سعودیە و لە جامی وەرزی ریازیش لە نەسڕی رکابەری بردووەتەوە.

لەو دوو یارییەدا نەسڕ بەئامادەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی سەرکەوتوو نەبوونە لە کردنەوەی گرێ کوێرەی هێڵی بەرگری هیلال، چونکە لەیەکەم یاری ئەم وەرزەدا نەسر تەنیا سێ لێدانی بۆ گۆڵی رکابەرەکەی هەبوو، لەدووەم یارییشدا ژمارەی لێدانەکان کەمبووەوە بۆ دوو لێدانی ناو گۆڵ، نەفرەتی بردنەوەکان بەرۆکی نەسڕی گرتووە، کە دوایین بردنەوەیان بەرامبەر هیلال دەگەڕێتەوە بۆ 884 رۆژ لەمەوبەر.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەدوایین سێ هەفتەی خولی سعودیە تەنیا بە ژمارەی هاتریک دەدوێت و وەڵامی رکابەرەکانی دەداتەوە، لەکاتێکدا دوو هاتریکی تۆمارکردووە و لوتکەی گۆڵکارانی خولی رۆشنی گرتووە، بەڵام ئەرکە گەورەکەی لویس کاسترۆی راهێنەر بەدەستهێنانی بردنەوە دەبێت بەرامبەر هیلال.

لەلای خۆیەوە هیلال دەیەوێت لەڕێگەی نەسرەوە بگاتە یاری کۆتایی و بەردەوامبێت لە وەرزە نایابەکەی، کە ئامانجی بەدەستهێنانی ناسناوەکانی خولی رۆشن و چامپیۆنزلیگی ئاسیایە.