بیلی ئایڵش نوێترین ئەلبومی خۆی ئاشکراکرد

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکا، بیلی ئایڵش، رێکەوتی بڵاوبوونەوەی نوێترین ئەلبومی گۆرانی خۆی راگەیاند و هاواداری سەرسامکرد.

لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکا، بیلی ئایڵش، نوێترین ئەلبومی گۆرانی ئاشکراکرد بەناوی "Hit Me Hard And Soft"، کە بڕیارە رێکەوتی 17ی ئایار بڵاویبکاتەوە.

ئەلبومی گۆرانی هیت می هارد ئاند سۆفت، سێیەم ئەلبومی گۆرانی فەرمی و درێژی ئەم خانمە هونەرمەندە 22 ساڵە دەبێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا، راگەیاندنی ئەم هەواڵەی بە شێتانە ناوبرد و هەوادارەکانی هاوشێوەی خۆی خرۆشان.

ئایڵش ئاماژەی بەوە داوە؛ بە یەک جار ئەلبومەکە بڵاودەکاتەوە و گۆرانییەکان پێکەوە بەردەست دەبن بۆ گوێلێگرتن.

بیلی ئایڵش، ساڵی 2001 لەدایکبووە، ئێستا یەکێکە لە دیارترین خانمە گۆرانیبێژەکانی ئەمریکا و جیهان، لە بنەڕەتی دوو ئەلبومی ستۆدیۆ، ئەلبومێکی راستەوخۆ و دوو ئەلبومی ڤیدیۆیی، خاوەنی 33 گۆرانی تاک و 25 ڤیدیۆی موزیکییە، کە توانیویەتی، نۆ خەڵاتی گرامی، شەش خەڵاتی موزیکی ڤیدیۆیی ئێم تی ڤی، سێ خەڵاتی خشتەی موزیکیی بیڵبۆرد، سێ خەڵاتی بریت، دوو خەڵاتی بژاردەی هەرزەکاران، دوو خەڵاتی بژاردەی خەڵک و دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بباتەوە.