تیپەکەی دی رۆسی ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌سه‌ركه‌وتنه‌كان بدات

دانێلی دی رۆسی

ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ، یانەی رۆما دوای بردنەوە گرنگەکەی لە یاری چوون، لە دووەم یارییدا میوانداریی یانەی ئەی سی میلان دەکات و چاوەکان لەسەر یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆی پایتەختی ئیتاڵیا دەبێت.

تیپەکەی دانێلی دی رۆسی راهێنەر چوار یارییە لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان دووچاری هیچ شکستێک نەبووە و یارییەکەیان لەم هەفتەیەی خولی ئیتاڵیا بەهۆی پێکانی ئیفان ئێندیکاوە راگیرا و دواخرا بۆ کاتێکی دیکە، لەبەرئەوە گورگەکانی رۆما تەواوی سەرنجیان خستووەتەسەر یارییەکەی ئەمشەو و دەیانەوێت بۆ دووەمساڵ لەسەریەک بگەنە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە.

جیالۆرۆسی ئەنجامی یاری چوونی بەگۆڵێکی بێوەڵام لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، رۆما دەیەوێت دووەم ناسناوی کیشوەری لە 10 ساڵی رابردوودا بەدەستبهێنێت، کە دوو وەرز لەمەوبەر بووە پاڵەوانی کۆنفرانس لیگ، بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە هێڵی بەرگرییەکەیان دەبەستن، کە لە پێنج یاری رابردوودا تەنیا یەک گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەی سی میلان، لەم هەفتەیەی سێریا ئەی کەوتە داوی یەکسانبوونی ساسولۆوە و بۆ گەڕانەوە لەئەنجامەکەدا و گەیشتن بە پێش کۆتایی تەنیا بردنەوە دادیان دەدات، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ رۆسۆنێری، ئامارەکانی یاریکردنییەتی لە ئۆڵۆمپیکۆ بەرامبەر رۆما، کە لەدوایین چوار گەشتی بۆ ئەو یاریگەیە دووچاری هیچ شکستێک نەبووە.

هاوکات میلان لەدوایین شەش یاری دەرەوەی یاریگەی خۆی لە پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکان بەرامبەر رکابەرە ئیتاڵییەکات تامی شکستی نەکردووە، بەڵام هەرکاتێک یاری چوونی دۆڕاندبێت لە یاری گەڕانەوەدا نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی.