بایرن ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ پله‌ى دووه‌م بكات

ئەمشەو لەهەفتەی 30ی بۆندسلیگا، یانەی بایرن میونشن لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی یونیەن بەرلین، یانە باڤارییەکە سەرەڕای ئەوەی ناسناوەکەی لەدەستدا، بەڵام دەیەوێت بەبردنەوە دڵی هاندەرانی ئاشتبکاتەوە.

بایرن لەدوای 11 وەرزی لەسەریەک بردنەوەی ناسناوی خولەکە، ئەم وەرزە بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕی و بەوهۆیەوە یانەی بایەر لیڤەرکوزن بەباشترین شێوە هەلەکانی قۆستەوە و توانی بۆیەکەمجار لەمێژوویدا ناسناوەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام باڤارییەکە ئەو بێهیواییەیان تێپەڕاند و لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەبردنەوەیان لە ئارسیناڵ خۆیان گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە، لەبەرئەوە بە ئاسودەیی یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامدەدەن.

ئەرکی ئێستای بایرن لەم وەرزەی بۆندسلیگا تەنیا پارێزگاریکردنییەتی لە پلەی دووەمی ریزبەندی، بەڵام دەبێت هێڵی بەرگری رێکبخەنەوە، کە لە 2024 لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان 15 گۆڵی لێتۆمارکراوە.