لە دێربی لەندەن ئارسیناڵ میوانداریی یانەی چێڵسی دەکات

یانەی ئارسیناڵ دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەبردنەوەوە لە یاریگەی ۆڵڤەرهامبتۆنەوە گەڕایەوە، ئێستا بەکاتی لەپێشەنگی پرێمەرلیگدایە و ئەمشەویش لە دێربی لەندەن لە یاریگەی ئیماراتس میوانداریی یانەی چێڵسی دەکات.

گەنەرز بەباشی ئاگادارە لەوەی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ تەنیا پێنج یاری ماوە و هەردوو رکابەرەکەی دیکەی کێبڕکێی بەدەستهێنانی بردنەوەی سەرجەم یارییەکان دەکەن، لەبەرئەوە تیپەکەی میکێل ئارتێتا تەواوی سەرنجیان لەسەر یارییەکەی ئەمشەو دەبێت و جگە لەبردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکە خزمەتی یانە لەندەنییەکە ناکات.

مانچێستەرسیتی یارییەک کەمتری ئەنجامداوە، لەبەرئەوە چارەنوسی ئارسیناڵ بۆ ناسناوی پرێمەرلیگ لەدەستی خۆیدا نییە، دوای ئەوەی بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا دووچاری شکستبوون، بەڵام دوایین هەشت رووبەڕووبونەوەی بەرامبەر چێڵسی تەنیا یەکجار شکستیهێناوە و دەیانەوێت بەردەوامبن لە رکابەریکردنی لیڤەرپووڵ و مان سیتی.

هاوکات یانەی چێڵسی، دوای ئەوەی لە یاری پێش کۆتایی ئێف ئەی کەپ لەسەردەستی مان سیتی کرایە دەرەوە، بلوز دەزانێت، کە تەنیا رێگە بۆ گەیشتن بە پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو نزیکبوونەوەی لەپلەکانی پێشەوەی ریزبەندی، کە ئێستا تەنیا سێ خاڵ لەپلەی شەشەمەوە دوورن.

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ و تیپەکەی هەشت یارییە لە پرێمەرلیگ دووچاری شکست نەبوونە، کە لە مارسی 2021 وە ئەوە زۆرترین زنجیرەی بێشکستیانە لەخولەکەدا، بەڵام کێشەی سەرەکی یانە لەندەنییەکە لەوەدایە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی پرێمەلیگ نەیانتوانیوە لە چوار یانەکەی پێشەوەی ریزبەندی ببەنەوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە، کە بلوز لەدوایین پێنج یاریی پرێمەرلیگی دەرەوەی یاریگەی خۆی لە رۆژی سێشەممە ئەنجامیدابێت چواریانی دۆڕاندووە.