کۆپا ئیتاڵیا شەڕی یوڤێنتۆس و لازیۆ لەخۆدەگرێت

یانەی لازیۆ لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی ئیتاڵیا لە یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ میوانداریی یانەی یۆڤێنتۆس دەکات، یانەکەی پایتەخت دەیەوێت سوود لە دوو بردنەوەی لەسەریەکی سێریا ئەی وەربگرێت و هەوڵدەدات قەرەبووی شکستی یاریی چوون بکاتەوە، کاتێک بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام شکستیهێنا، لازیۆ هەلێکی لەبەردەستە تاوەکو لەدوای پێنج وەرز بۆ یەکەمجار جامی ئیتاڵیا بەرزبکاتەوە، بەڵام ئەرکەکەیان بەرامبەر یۆڤی ئاسان نابێت و رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز دەبنەوە.

ئەوە سێیەم یاری لازیۆ دەبێت لەژێر سەرپەرشتی ئیگۆر تیۆدۆری راهێنەری نوێ بەرامبەر یۆڤێنتۆس ئەنجامیدەدات، کە راهێنەرەکە لەکۆی شەش یاریی لەگەڵ یانەکەی تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، ئەو ئەنجامانەش خزمەت بە بیانکۆسێلێستی ناکات، چونکە یانەکە لەدوایین 10 یارییدا تەنیا دووجار توانیویانە لە دوو گۆڵ زیاتر تۆماربکەن.

هەرچی یانەی خانمە پیرەکەیە، لە ساڵی 2021 وە هیچ ناسناوێکی بەدەستنەهێناوە و بەئامانجی گەیشتن بە یاری کۆتایی جامەکە گەشتی رۆمای کردووە، یۆڤی لەدوای دوو یەکسانبوونی لەسەریەک لە سێریا ئەی دەیەوێت ئەمشەو قەرەبووی ئەنجامە خراپەکان بکاتەوە و دڵی هاندەرانی لەخۆی ئاشتبکاتەوە.

رووبەرووبونەوەمان بەرامبەر لازیۆ زۆر دڕندانە دەبێت وەک شەڕێک وایە، چونکە دەبێت دوو گۆڵ زیاتر تۆماربکەن، ئەوان لەگەڵ ماوریسیۆ ساری زۆر گۆڕاون، زیاتر شەڕانی یاریی دەکەن، ئێمە وەرزەکەمان بە دوو ئامانجی سەرەکی دەستپێکرد، یەکەم ئەوەبوو لە تۆپ چواری ریزبەندی بمێنینەوە، کەپێم وایە تارادەیەک بە دیمان هێناوە ئەوەتا لە پلەی سێیەمین، دووەم، کۆپا ئیتاڵیا ببەینەوە، هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەبەردەم ماوە، ئێستا ئامانجمانە بگەینە قۆناغی کۆتایی، بۆیە سەرنجمان لەسەر یارییەکەیە و هێشتا سەرنجمان لەسەر ئامانجەکەمانە کە باسم کرد.

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتۆس.

ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری بیانکۆنێری بەباشی ئاگادارە لەوەی تەنیا هەلێک لەبەردەستی ماوە بۆ رزگارکردنی وەرزەکەی، بەدەستهێنانی جامی ئیتاڵیایە، بەڵام کێشەی سەرەکی یانەکە ئەنجامەکانییەتی، کە لەدوایین شەش یارییدا تامی بردنەوەی نەکردووە و لە چوار مانگی رابردوودا تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەوەش خانمە پیرەکە بە 14 ناسناو خاوەنی زۆرترین ناسناوە لەمێژووی جامەکە.

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتۆس. فۆتۆ: AP