لیڤەرکوزن دەیەوێت له‌ نووسینه‌وه‌ى ریكۆرده‌كه‌ى به‌رده‌وام بێت

یانەی بایەر لیڤەرکوزن دوای بەدەستهێنانی یەکەم ناسناو لەمێژووی بۆندسلیگا، ئەمشەو لە بای ئەرینا میوانداریی یانەی شتوتگارتی سێیەمی ریزبەندی دەبێتەوە.

پاڵەوانی بۆندسلیگا تەنیا یانەیە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا تامی شکستی نەکردووە و زنجیرەی یارییە بێشکستەکانی گەیاندووەتە 45 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکاندا.

لیڤەرکوزن یەکەم یانەیە لەمێژووی بۆندسلیگا تاوەکو گەڕی 31 دووچاری شکست نەبێت و ببێتە پاڵەوان، کە ئێستا تەنیا چوار یاریی دوورن لەوەی ببنە یەکەم یانە لەمێژووی خولەکەدا بەبێ شکست کۆتایی بە وەرزەکە بهێنن.

چابی ئەلۆنسۆ سەرقاڵی نوسینەوەی مێژووە لەگەڵ لیڤەرکوزن، ئەو راهێنەرە ئیسپانییە بۆندسلیگای بەدەستهێنا و گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا، هەروەها لەقۆناغی پێش کۆتایی یۆرۆپالیگیش رووبەڕووی رۆمای ئیتاڵی دەبێتەوە.