دێربى خۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

یانەی ناپۆلی لەیارییەکی بەهێزی ئەم هەفتەیەی سێریا ئەی میوانداریی یانەی رۆما دەکات، یانەکەی باشوری ئیتاڵیا لەپلەی هەشتەمدایە و بارودۆخی باش نییە، رۆمای میوانیشی لەپلەی پێنجەمدایە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەکات.

ناپۆلی هیواکانی بۆ گەیشتن بە پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو زۆر کەمبووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش سێریا ئەی پێنج هەفتەی ماوە بۆ کۆتایی و هەموو ئەگەرەکان بەکراوەیی دەمێننەوە، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە هەفتەی رابردوو بەرامبەر ئیمپۆلی دووچاری شکستبوو، کە ئەوە 10 یەمین شکستی بوو لەم وەرزەی خولەکەدا و بەوەش 37 خاڵ لە ئینتەرمیلانی پاڵەوانی ئەم وەرزە دوورکەوتەوە و بووە خراپترین پاڵەوانی مێژووی سێریا ئەی.

ناپۆلی لەدوایین حەوت یاریی تەنیا یەک بردنەوەیان بەدەستهێناوە و ئەنجامەکانیشی لە یاریگەی خۆیدا ئەوەندە باش نییە، کە لە شەش یاری رابردوودا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە و لەکۆی 49 خاڵی ناو یاریگەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ناپۆلی تەنیا 23 خاڵی کۆکردووەتەوە و دووجار کلین شیتی تۆمارکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، گورگەکانی رۆما بەئامانجی بردنەوە گەشتی ناپۆلی دەکەن تاوەکو گوشارەکانی سەر بۆڵۆنیا زیاتربکەن و پلەی چوارەمی لەو یانەیە وەربگرن.

دانێلی دی رۆسی راهێنەری جیالۆرۆسی، بەباشی ئاگاداری قورسی ئەرکەکەیەتی لەم شەودا، چونکە لە وەرزی 1997 بۆ 1998 وە نەیتوانیوە هەردوو یاریی وەرزەکە لە ناپۆلی بباتەوە و پێنج یارییە لە یاریگەی ناپۆلی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.