مادۆنا ئاهەنگێکی گەورەی بێبەرامبەری لە ریۆ سازکرد

مادۆنا خانمە هونەرمەندی ئەمریکی تەمەن 65 ساڵ، ئاهەنگێکی گەورەی بێبەرامبەری بە ئامادەیی هەزاران کەس لە کەناراوەکانی کۆباکابانا لە ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل سازکرد.

بەر لە رێخستنی ئاهەنگەکە، واچاوەروان دەکرا 1.5 ملیۆن کەس بەشداری تێدا بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ژمارەی تەواویی بەشداربووان لە ئاهەنگەکەدا چەند بووە.

ئاهەنگەکەی مادۆنادا کە بە گەورەترین ئاهەنگی موزیکی ئەو خانمە هونەرمەندە دادەنرێت، کۆتایی گەشتە جیهانییەکەی بوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێکردبوو، هەریەکە لە ئانیتا گۆرانیبێژی بەرازیلی و یەکێک لە کچەکانی مادۆنا بەشدارییان تێدا کرد.

بە وتەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شارەکە، هەزار ئەندامی دەستەی فریاکەوتن ئامادەبوون بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هەروەها نزیکی 11 ملیۆن یۆرۆ بۆ رێکخستنی ئاهەنگەکە خەرجکراوە.

مادۆنا، گۆرانیبێژ، نوسەری گۆرانی و ئەکتەری ئەمریکی بە ئەسڵ ئیتاڵییە، لە 16ـی ئابی 1958 لەدایکبووە، بە ناوی شاژنی پۆپ ناسراوە، بە نوێگەری و هەمەڕەنگی لە بەرهەمهێنانی موزیک و نوسینی گۆرانی و نمایشی سەمادا ناوبانگی دەرکردووە، جگە لە گۆرانی رۆڵی لە چەندین فیلمی سینەماییدا گێڕاوە.