بێرنارد هیڵ.. کەشتیوانەکەی تایتانیک و سوارچاکی پادشای ئەنگوستیلەکان کۆچیدوایی کرد

بێرنارد هیڵ، ئەکتەرە دڵخوازەکەی بەریتانیا، کەشتیوانی تایتانیک و سوارچاکە باشەکەی پادشای ئەنگوستیلەکان، لە تەمەنی 79 ساڵییدا، کۆچیدوایی کرد.

بێرنارد هیڵ، کە زیاتر بە رۆڵی کەشتیوانەکەی تایتانیک و سوارچاکە باش و بەهێزەکەی پادشای ئەنگوستیلەکان بەناوبانگە، جیهانی سینەمای بەریتانیا و هۆڵیوودی جێهێشت.

هیڵ، ساڵی 1997، بە رۆڵی کاپتن ئێدوارد سمیس، توانی بەشێک بێت لە بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمەکە، هاوکات بە رۆڵی پادشا سیۆدن لە زنجیرە فیلمی پادشای ئەنگوستیلەکان رۆڵیگێڕاوە و توانای خۆی لە ئاستی سینەمای جیهانییدا سەلماندووە.

هەوادارانی هیڵ جەخت لەوە دەکەنەوە، ناوبانگی ئەم ئەکتەرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1982، بە بەشدارییکردن لە درامایاکی تەلەفزیۆنییدا، بە ناونیشانی "Boys from the Blackstuff"، دەبێت بە رووخسارێکی دیاری سینەما و تەلەفزیۆنی بەریتانیا.

پاش مردنی ئەم ئەستێرە بەریتانییە، زۆرینەی ئەکتەرانی رۆڵگێڕ لە زنجیرە فیلمەکانی پادشای ئەنگوستیلەکان، خەم و پەژارەی خۆیان بۆ لەدەستدانی دەربڕی، جەختیان لەوە کردەوە؛ هیڵ خۆشەویست بووە، چاونەترس و پێکەنیناویی بووە، لەدەستدانی خەمێکی گەورەیە بۆ هەمووان.

ساڵی 1997، هیڵ یەکێک بووە لە ئەکتەرە دیارەکانی فیلمی تایتانیک، کە زۆرینە بەم بەرهەمە دەیناسنەوە و ستایشی دەکەن، هیڵ لەم فیلمەدا رۆڵی کەشتیوانە خەمخۆرەکەی تایتانیک دەگێڕێت، کە رەتیدەکاتەوە کەشتییەکەی جێبهێڵێت و ئامانجی سەرەکی رزگارکردنی سەرنشینەکانیەتی.

بێرنارد هیڵ، ساڵی 1944 لەدایکبووە، لەماوی 79 ساڵی تەمەنیدا، توانیویەتی بەشدارییەکی گەورەی هەبێت لە سینەمای جیهانییدا، وەکو ئەکتەر، 131 جار رۆڵیگێڕاوە، دوو جار پاڵێوراو بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی بافتا.

دیارترین ئەو فیلمانەی بێرنارد هیڵ بەشداریی تیایاندا کردووە:

Titanic 1997
The Lord of the Rings: The Return of the King 2003
ParaNorman 2012
The Moor 2023