گوندی "ژنوار-Jinwar" کە لە ساڵی 2017 لە سنوری شاری دەرباسییە لە کانتۆنی جزیرە بونیادنرا، بووە بابەتی بەڵگەفیلمێک، کە لە چەند فێستیڤاڵێکی جیهانیدا بەشداری کردوە.
نادیە دەروێش، دەرهێنەری فیلمەکە و ئەندامی کۆمینای فیلمی رۆژئاوا، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەڵگەفیلمەکە باس لە ژیانی گوندی ژنوار دەکات، لەگەڵ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان و چالاکییەکانی ژیانی رۆژانەیان.
هەروەها، چیرۆکی ئەو گوندە ئاشکرادەکات کە تەنها ژنان تێیدا دەژین و هیچ پیاوێکی تێدا نیە.
باسی لەوەشکرد، بەڵگەفیلمەکە، راوبۆچوونی دانیشتووانی گوندەکە لەخۆدەگرێت، کە ماوەی چەند ساڵێکە ئەو شوێنەیان بنیادناوە و تێیدا دەژین.
ئەو خانمە دەرهێنەرە باسی لەوەشکردووە، بەرهەمهێنانی فیلمەکە لەگەڵ سەرەتای دامەزراندنی گوندەکەوە دەستی پێکردووە، تەنها سێ کەس لەپشت بەرهەمهێنانییەوەن کە ئەویش، جگە لەو خانمە هونەرمەندە وێنەگر و ئیدیتەرێکی وێنەیە.
ئەم فیلمە لە پێشووتردا لە چەند فێستیڤاڵێکی جیهانیی نمایشکراوە، ئەمە یەکەمجارە لە ناوخۆ نمایشبکرێت، پاش ئەوەی ئەمڕۆ لە بنکەی محەمەد شێخۆ بۆ رۆشنبیری و هونەر لە شاری قامیشلۆ لە کاتژمێر 17:00 نمایشکراوە، وابڕیارە لە شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان نمایشبکرێن.