بیتهۆڤن و فریدریش شیلەر

200 ساڵ بەسەر یەکەم نمایشی سیمفۆنی 9ی بیتهۆڤن تێدەپەڕێت

لە 7ی ئایاری ئەمساڵدا، جیهان یادی 200 ساڵەی یەکەمین نمایشی موزیکی (سیمفۆنی ژمارە 9 و سروودی شادی) بیتهۆڤن و شاعیری گەورەی ئەڵمانی شیلەر دەکاتەوە.

سیمفۆنی ژمارە 9ی بیتهۆڤن، بە دیارترین شاکاری موزیکی جیهان دادەنرێت کە بیتهۆڤن تێیدا بەڕەچەشکێنی و تێکشکاندنی بنەما و یاسا و رێساکانی دانانی سیمفۆنی و بە تێکەڵکردنی دەنگی مرۆڤ بە کۆڕاڵێکی ناوازە لە کۆتا جووڵەی سیمفۆنییەکەیدا، توانی کۆتا داهێنان لە شێوازی نووسینی سیمفۆنی سەردەمەکەی خۆیدا بکات. لە هەمانکاتدا لەڕێگەی کۆتا جووڵەی ئەم شاکارەوە پەیامی ناڕەزایەتی، ئاشتی و ئازادی جارێکی دیکە لە گەرووری مرۆڤەوە بخاتەوە سەر زمانی موزیک و پەیامەکە بگەیەنێتە ترۆپکی داهێنانێکی بێوێنە لە نوسینی سیمفۆنی سەردەمی کلاسیکدا.

'Ode to Joy' بە کوردی واتە: (سروودی شادی) کە لە هاوینی ساڵی 1785 لەلایەن شاعیر، شانۆنامەنووس و مێژوونووسی ئەڵمانی فریدریش شیلەرەوە نوسراوە، ساڵێک دوای نووسینی بۆ یەکەمجار لە گۆڤاری تالیای ئەڵمانیدا بڵاوکراوەتەوە. لە ساڵی 1808دا جارێکی دیکە بە کەمێک دەستکارییەوە بڵاوکراوەتەوە کە دوو دێڕی بڕگەی یەکەم و دوابڕگەی گۆڕیوە.

بیتهۆڤن 20 ساڵ لە بیری ئەوەدا بووە کە کارێکی ناوازە لەسەر ئەم شیعرەی شیلەر بکات
 بیتهۆڤن هەر لەسەرەتاوە بەو شعیرەی شیلەر سەرسام بووە، بۆیە بۆ ماوەی 20 ساڵ لە بیری ئەوەدا بووە کار لەسەر ئەم شیعرە بکات. گەرچی دەیتوانی لە هەندێک شێواز و فۆرمی موزیکی دیکەدا کاری لەسەر بکات، بەڵام لەبەر ئاستبەرزی شیعرەکە، بڕیاڕیدا لە نێو دوا سیمفۆنیدا جێگەی هۆنراوەکەی شیلەر بکاتەوە. بیتهۆڤن لە ساڵی 1822 بە ڕۆچێلیتزی هاوڕێی گوتووە: "لەنێو هزرمدا دوو سیمفۆنیی گەورە و جیاوازم هەیە، یەکێکیان لە سەر پەیژەی ڕێ ماینەرە و ئەوی دیکەیان کۆڕاڵێکە کە عیرفان و ئەفسانەی مەسیحی تێکەڵ بەیەک دەکات".
پاش پێگەیشتنی بیرۆکەکانی دەست بەنووسینی سیمفۆنییەکە دەکات و دواجار بڕیاردەدات لە کۆتا جووڵەدا بە هەندێک گۆڕانکارییەوە و زیادکردنی چەند دێڕێکی دیکە بە هاوشانی گروپێکی گەورەی کۆڕاڵ، دواداهێنان لە شێوازی نووسینی سیمفۆنیی سەردەمی کلاسیکدا بکات. دواجار لە ساڵی 1824 کۆتایی بەنووسینی ئەم شاکارە دێنێت و بۆ یەکەمجار لە 7ی ئایاری 1824 لە ڤییەنا نمایشی دەکات.

لە یەکەمین نمایشدا چی روویدا؟
لەو نمایشەدا بیتهۆڤن دوای دوانزە ساڵ لەسەر شانۆ دەرکەوتەوە. نمایشەکە لەلایەن مایکل ئوملۆفەوە سەرپەرشتی کراوە، بەڵام بیتهۆڤنیش لەم نمایشەدا بەشداری کرد. لەم سەردەمەدا لە نەمسا نەریتێک هەبووە کە ئامادەبووان سێ جار چەپڵە لێبدەن کاتێک، بنەماڵەی شاهانە دەچنە هۆڵەکەوە. بەڵام لەم نمایشەدا کاتێک بیتهۆڤن هاتە ژوورەوە، بینەر پێنج جار چەپڵەیان لێدا و تەنانەت ئەم بابەتە بووە هۆی دەستوەردانی پاسەوانانی شاهانە. گەرچی بیتهۆڤن خۆی بەشێوەیەکی دراماتیکی رابەرایەتی ئۆرکێستراکەی دەکرد، چونکە بە هۆی ئەوەی لەم قۆناغەدا بەتەواوەتی هەستی بیستنی لەدەستدابوو، نەیدەتوانی گوێبیستی ژەنیارانی ئۆرکێستراکە بێت، ئەو تەنیا دەستی دەجووڵاند و تەنانەت گوێبیستی یەک تۆن لە سیمفۆنییەکەی نەبوو، کاتێک لە کۆتاییدا ئامادەبووان کەوتنە جۆش و خرۆش و چەپڵەلێدان، بیتهۆڤن پشتی لە خەڵکەکە بوو، تا دواجار یەکێک لە میوزیکژەنەکان دەچێتە لای و بە زمانی ئاماژە پێیدەڵێت، ئــــــــــاوڕ بـــــــــدەرەوە بۆ دواوە! ئەو کات بیتهۆڤن دەزانێ کە بەڕاستی بەو سەرکێشییەی کردوویەتی چ ئامانجێکی پێکاوە. بەگوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکان زۆرێک لە گوێگران بەقووڵی بە نمایشەکە کاریگەربوون و گریاون. بیتهۆڤن خۆی لە کۆتایی نمایشەکەدا بەهۆی هەیەجانییەوە بێهۆش بوو و بردوویانەتە ماڵی هاوڕێکەی. ئەم شاکارە لە رۆژگاری خۆیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی مێژوویی هەبووە و پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە، هەر بۆیە تا ئێستا بەبەردەوامی لەلایەن ئۆرکێستراکانەوە لە تەواوی جیهاندا دەژەنرێتەوە.

سیمفۆنیی ژمارە 9 بۆچی هێندە بەناوبانگە؟
بە هۆکاریی پەیامە مرۆڤدۆستانەکەی ئەم سیمفۆنییە، لە ساڵی 1985 بەبێ دەقەکەی شیلەر وەک سروودی فەرمی کۆمەڵگەی ئەوروپا دیاریکراوە.پاشان لە ساڵی 1993 وەک مارش و سروودی نیشتمانیی یەکێتیی ئەوروپا دیاریکرایەوە.
 کۆتا جووڵەی سیمفۆنیی ژمارە 9ی بیتهۆڤن لەڕووی پەیامەوە، وەک سروودێکی دوو رەهەندی ناسراوە، چونکە ناڕەزایەتی، هەم ئاشتی و ئازادیی لە نێویدا خۆی نمایش دەکات. ئەم شاکارە لەلایەن مێژوونوسانی بواری موزیکەوە بە لووتکەی پێگەیشتنی موزیکی بیتهۆڤنی دادەنێن و کۆتا سیمفۆنیی سەردەمی موزیکی کلاسیکە کە بە شانازییەوە ساڵانە لە جیهاندا یادی دەکەنەوە.

وێنەیەکی دروستکراوەی بیتهۆڤن لە کاتی نووسینی موزیکدا

جووڵەکانی ئەم سیمفۆنییە چین؟

جووڵەی یەکەم: ماوەی ئەم جووڵەیە بەزۆری نزیکەی 15 خولەک دەبێت.
 موزیکدانەری گەورەی ئەڵمانی ڤاگنەر سەبارەت بەم جووڵەیە دەڵێت: "بیتهۆڤن خەباتی رۆحی مرۆڤ، بە غەمگینانەوە دەردەبڕێت".
جووڵەی دووەم: ئەم جووڵەیە دوانزە خولەکە. بەڵام رەنگە بەهۆی دووبارەبوونەوە جیاواز بێت. زۆر لە تەوەری سەرەکی جووڵەی یەکەم دەچێت.

جووڵەی سێیەم: ماوەی ئەم جووڵەیە 16 خولەکە و گوزارشت لە خۆشەویستی، هیوا و هەستی مرۆڤایەتی دەکات. ساتەکانی خەمباری تێدایە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارچەکە لە کۆتاییدا، هەستی خەم و پەژارەی کەم دەبێتەوە.

جووڵەی چوارەم: جووڵەی چوارەم یان کۆتایی کۆڕاڵ درێژترین جووڵەیە و نزیکەی 25 خولەک دەخایەنێت. هەندێک بە سیمفۆنی ناو سیمفۆنی ناوی دەبەن. ئەم جووڵەیە لەسەر بنەمای (سروودی شادی) وەرگیراوە، بەشێوەیەکی گشتی تەوەری سەرەکی جووڵەکانی پێشوو لە نێوان ئەم پارچەدا دەبیسترێنەوە. دوای ئەوە لە بەشی "سروودی شادی" لەلایەن چەلۆ و دەبل بەیسەوە خۆی دەناسێنێت. لە سەرەتای گۆرانییەکەدا ئۆرکێستراکە بێدەنگ دەبێت و دەنگی گۆرانیبێژی باریتۆن وەک سۆڵۆیستێک بەرز دەبێتەوە کە دەڵێت:
"ئەی هاوڕێیان و دۆستان ئەم گۆرانیانە بکەنە ڕێگەچارە" پاشان، گروپی کۆڕاڵەکە سروودی خۆشی دەڵێنەوە.

ژمارە پێوانەییەکانی ئەم سیمفۆنییە چین؟

لە ساڵی 2010 دا سیمفۆنیی ژمارە 9ی بیتهۆڤن یەکێک بوو لەو سیمفۆنییانەی کە لە جیهاندا زۆرترین جار نمایشکراوە.
لە ساڵی 2019دا لە نێوان 10 سیمفۆنی سەرەکی جیهاندا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە. ئەم سیمفۆنییە بەبەراورد لەگەڵ سیمفۆنییەکانی دیکەی بیتهۆڤن، ئاوێنەیەکی ترس، هیوا و بەهاکانی مرۆڤە. دەستنووسی ئەسڵی ئەم سیمفۆنییە لە کتێبخانەی دەوڵەتی بەرلین هەڵگیراوە. رۆژی سێشەمە، 7ی ئایاری 2024، 200 سەد ساڵ بەسەر یەکەم نمایشی ئەم شاکارە موزیکییەدا تێدەپەڕێت، وا بڕیارە لەو ماڵەی کە سیمفۆنییەکەی تێدا نووسیوە، چەندین چالاکی جۆراوجۆر وەک رێزلێنانێک بۆ تەمەنی پڕ بەخشیشی بیتهۆڤن بەڕێوەبچێت.