هۆڵی رۆشنبیری، کۆنسێرتی جاز

تیپی "12 جاز" موزیکی جاز بە شێوازێکی کوردەواری پێشکەش دەکات

تیپی 12 جاز، کە لە 12 خوێندکار و گەنجی موزیکژەن پێکهاتووە، یەکەم کۆنسێرتی فەرمیی بەناوی "کۆنسێرتی 12ـی جاز" پێشکەشکرد.

ئەمڕۆ، حەوتی ئایاری 2024، تیپی 12ـی جاز، یەکەم کۆنسێرتی فەرمییان لە هۆڵی رۆشنبیری شاری هەولێر، بەئامادەیی جەماوەرێک لە گوێگران و ئارەزوومەندانی موزیک پێشکەشکرد.

لەبارەی کۆنسێرتەکەوە، بەهێز عەباس، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە بە کەناڵ8ـی گوت، "ئەمە دووەم کۆنسێرتمانە، کۆنسێرتی یەکەم لەناو زانکۆی خۆمان بوو لە هۆڵێکی بچوک کردمان وەک تاقیکردنەوەیەک، ویستمان فیدباکی خەڵک وەربگرین کە ئایا گوێگران فیدباک و وەڵامدانەوەیان چۆن دەبێت بۆ ئەو موزیکەی ئێمە پێشکەشی دەکەین، بەخۆشحاڵییەوە وەڵامدانەوەیان زۆر باش بوو، بۆیە ئیشەکەمان گەورەکرد و گەیاندمان بە ئەم کۆنسێرتە گەورەیە".

باسی لەوەشکرد، "ستایلی ئێمە تێکەڵکردنی موزیکی کوردی کولتووری خۆمانە، بە موزیکی رۆژئاوایی جازەوە، کە هێندە مێژوویەکی کۆنی نیە و بە نزیکەیی 100 ساڵە داهێنراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، لە پارەوە کار لەسەر ئەم موزیکە دەکەن، ئەو گروپەیان بەناوی 12ـی جاز دروستکردووە کە لە 12 موزیکژەن پێکهاتوون، کۆنسێرتەکەی ئەمڕۆشیان بە ناوی "کۆنسێرتی 12ـی جاز"ـەوە پێشکەشکردووە.

لەبارەی هۆکاری هەڵبژارنی ناوەکەشەوە، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە گوتی، "ناوەکەمان لەوەوە هاتووە کە کەمترین باس لەبارەی 12 سوارەی مەریوان کراوە، ئێمەش دەمانەوێت ئەو ناوە بە زیندوویەتی بهێڵینەوە.

ئاشکراشیکرد، "لە پلانماندایە کۆنسێرتەکە ببەینە شارەکانی دیکە، بەڵام ئاشكرایناکەین، با سورپرایز بێت جارێ".