فێستیڤاڵی کان ئەستێرەکانی هۆڵیوود کۆدەکاتەوە

فێستیڤاڵی سینەمایی کان، کە وابڕیارە لە 14ـی ئەم مانگەدا دەستپێبکات، چەندین هونەرمەند کۆدەکاتەوە، لەوانە ئەستێرە دێرینەکانی وەک ریچرد گێر و مێرڵ ستریپ، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەستێرە دەرکەوتووەکانی وەک بێری کۆگان و ئانیا تایڵەر جۆی.

لە ئەمساڵدا ئەستێرەکانی جیهانی سینەما لە فێستیڤاڵە فەڕەنسییە درێنەکەدا کۆدەبنەوە، کە تاوەکو 25ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، لە خولی ئەمساڵدا کە تایبەتمەندە بەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرەکانی هۆلیوود ئامادەی دەبن.

واچاوەڕوان دەکرێت لە ئەمساڵدا فیلمی " Megalopolis"ـی دەرهێنەر فرانسس فۆرد کۆپۆڵا لە کێبڕکێ فەرمیی فێستیڤاڵەکەدا نمایشبکرێت، دوای تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر نمایشی کارە بەناوبانگەکەی بەناوی " Apocalypse Now" کە چڵەخورمای ئاڵتوونی کانی بردەوە.

لە پاڵ کۆپۆلادا، چەندین ناوی گرنگی بواری سینەمای ئەمریکی بەشدار دەبن، دیارترینیان، جۆرج لۆکاس دروستکەری فیلمەکانی "Star Wars"، کە وابڕیارە لە فێستیڤاڵەکەدا چڵەخورمای رێزلێنان وەربگرێت، هەروەها خانمە ئەکتەر میرێڵ ستریپ بەشدار دەبێت.

هەروەها واچاوەڕوان دەکرێت، هونەرمەندە گەنجەکانی وەک، جەیکۆپ ئیڵۆردی و بێری کۆگان کە هەردووکیان لە فیلمی "Saltburn"ـدا رۆڵیان بینی بەشدار ببن.

فیلمی ئاکشن و جوڵەش بەشێکی گرنگی فێستیڤاڵەکە دەبێت، لە گرنگترین ئەو فیلمانەش کە نمایشدەکرێن "Furiosa"ـە، کە لەدەرەوەی کێبڕکێی فەرمییدا نمایشدەکرێت.

بەگشتی ژمارەی ئەو فیلمانەی لە بەشە جیاوازەکاندا نمایشدەکرێن دەگەن بە 100 فیلم، 22 فیلمیان کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوونی دەکەن، کە لە ساڵی رابردوودا جستین ترێیت بۆ فیلمی " Anatomy of a Fall" پێی بەخشرا.

سەرۆکی لیژنەی داوەرانیش، گریتا گروێگ دەبێت، کە یەکەم دەرهێنەرە داهاتی فیلمەکانی بگات بە ملیارێک دۆلار، ئەمەش لەپاش دەرهێنانی فیلمی باڕبی بوو.