سانتیاگۆ بێرنابیۆ دووه‌م جه‌مسه‌ر یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

ئەمشەو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی لوتکەی گەڕانەوەی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن لەخۆدەگرێت، کە 28مین جارە لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕوودەبنەوە، یارییەکەی ئەمشەو دەبێتە کۆتاییەکی پێشوەختە و دووەم بلیتی یاریی کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە لەبەرژەوەندی لایەنێکیان یەکلاییدەبێتەوە، کە یاریی چوونی نێوانیان لە ئەلیانز ئەرینا بەیەکسانبوون کۆتاییهات.

کوڕانی کارلۆ ئەنچیلۆتی بەوورەیەکی بەرز و بارودۆخێکی دەروونی نایابەوە یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامدەدەن، کە دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە کادیزیان بردەوە بۆ 36 مین جار ناسناوی لالیگایان ،بەدەستهێنا، ئەوەش 37مین بردنەوەی رۆخی بلانکۆس بوو لەم وەرزەدا، لەبەرئەوە پێویستە بایرن لەلوتکەی ئاستیدابێت تاوەکو رووبەڕووی پێکهاتەیەکی بەکۆمەڵی وەک ریال مەدرید ببێتەوە.

یانەی شاهانە ئێستا تەنیا سەرنج و ئامانجی بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگی ژمارە 15 دەبێت لە مێژوویدا، کە لە 28 یاریی رابردووی ناو یاریگەی خۆیان لە پاڵەوانییەتیەکەدا گۆڵیان تۆمارکردووە و دوایین جار نەیانتوانیبێت گۆڵ تۆماربکەن مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیسێمبەری 2018.

بەڵام باڤارییەکان سەرەڕای شکستە قورسەکەیان لەم هەفتەیەدا بەرامبەر شتوتگارت، نایانەوێت بەئاسانی خۆیان بەدەستەوە بدەن، کە لە نۆ یاریی رابردووی خول و پاڵەوانییەتیەکاندا چوار بردنەوەیان بەدەستهێناوە، هەروەها تیپەکەی تۆماس تۆخێل لەدوایین 10 سەردانی دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە هەشتیاندا دوو گۆڵ یان زیاتریان لێتۆمارکراوە.

ئامارەکانی بایرن میونشن لە سانتیاگۆ نمونەیی نییە، کە لە حەوت یاریی رابردووی بەرامبەر ریال مەدرید نەیتوانیوە بردنەوە بەدەستبهێنێت و شەش جار لەسەردەستی یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا دووچاری شکستبووە.