رۆبێرتۆ رۆزەلینی.. سەرمەشقی نیۆریاڵیزمی سینەما

رۆبێرتۆ رۆزەلینی، یەکێکە لە دەرهێنەرە ناوازەکانی سینەمای ئیتاڵیا، توانیویەتی رۆڵی گەورەی هەبێت لە دامەزراندنی رەوتی سینەمایی نیۆریاڵیزمی ئیتاڵیی و پاش خۆی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان و وێناکردنەوەی رووداوە راستەقینەکان دروستکردووە.

رۆزەلینی کوڕی ئەو پیاوە بووە، کە بۆ یەکەمینجار سینەمای لە شاری رۆما کردووەتەوە، کاریگەر بووە بە ویستی باوانی لە ئاڕاستەی سینەما و هەر لە تەمەنێکی کەمەوە بە جیهانی بەرهەمهێنان و نمایشکردنی فیلمەکان ئاشنا بووە.

ئەم دەرهێنەرە، رێکەوتی هەشتی ئایاری 1906، لە رۆما لەدایکبووە، بە یەکێک لە کەسایەتییەکانی نەوەی مەزنی قۆناغی کلاسیکی ئەوروپا هەژماردەکرێت، کە توانیویانە رەوتی هونەریی لە قۆناغی کلاسیکەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغی هاوچەرخ.

یەکەم کاری بەرهەمهێنانی خۆی، ساڵی 1937 ئەنجامداوە، کە سەر بە ژانرای دۆکیومێنتاریی بووە، رۆزەلینی یەکێکە لە دیارترین ئەو دەرهێنەرانەی، لە قۆناغە جیاوازەکانی پیشەسازیی فیلمی ئیتاڵیا کاریان کردووە، پێش رووخانی دەسەڵاتی بێنیتۆ مۆسۆلینی و فاشیستەکانی وڵاتەکەی، دەستبەکار بووە و لەم قۆناغە توندەی سیاسەتی ئیتاڵیا، بەشداریی لە بەرهەمهێنانی فیلم کردووە، یەکەم فیلمی کلاسیکیشی بە ناونیشانی "Rome Open City"، فیلمێکی دژە فاشیزم بووە و ساڵی 1946 نمایشکراوە، کە توانیویەتی بەهۆیەوە، خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی کان بباتەوە.

ئەم دەرهێنەرە ئیتاڵییە، خولیایەکی گەورەی بۆ جیهانی راستەقینە هەبووە، لە ژمارەیەک فیلمی ناسراو و گەورەی خۆیدا، ئەکتەری کەمئەزموون و کەسانی ئاسایی بەکارهێناوە، بەم جۆرەش توانیویەتی لەوپەڕی راستەقینەدا فیلمەکانی بەرهەمبهێنێت.

پەیداکردنی ناوبانگ لە ئاستی جیهانییدا، وا دەکات سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی هیندستان، لە ساڵی 1957، داوایەکی تایبەتیی ئاڕاستە بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی دۆکیومێنتارییەک سەبارەت بە وڵاتەکەی، ئامانجیشی دروستکردنی کاریگەریی بووە لەسەر دەرهێنەرەکانی هیندستان و کردنەوەی دەروازەیەکی گەورەی بەرەوپێشچوونی سینەما بووە بۆ کەسایەتییە سینەماییەکانی وڵاتەکە، کە رۆزەلینی توانی ببێت بە سەرمەشقێکی گەورەی ئەم ئاواتە.

رۆزەلینی 71 ساڵ ژیاوە، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، توانیویەتی 53 فیلم دەربهێنێت، سیناریۆشی بۆ 49 فیلم نووسیوە و بەرهەمهێنەری 13 دانەش بووە.

لە دیارترین فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرە، بریتین لە:

Rome, Open City 1945
Paisan 1946
Journey to Italy 1954
Germany Year Zero 1948

رێکەوتی سێی حوزەیرانی 1977، لە تەمەنی 71 ساڵییدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچیدوایی دەکات.