ریال مەدرید دەوڵەمەندترین یانەی ئیسپانیایە

رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و بایرن میونشن بۆ یاریزانانی یانەی شاهانە تەنیا یارییەک نییە، لەگەڵ چێژبینین و یاریکردن لە یارییەکی هێندە بەهێزدا، پاداشتێکی گەورەش چاوەڕوانیان دەکات، هەمووشی لەسەر بردنەوە لە بایرن میونشن و ناسناوی چامپیۆنزلیگ وەستاوە.

سیاسەتی ئیدارەی ریال مەدرید جیاوازە لە یانە رکابەرەکانی، لەکاتێکدا رکابەرەکانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، بەگوێرەی داتاکانی "دیلیۆیت" داهاتی ساڵانەی یانەی شاهانە لەم وەرزەدا دەگاتە زیاتر لە 850 ملیۆن یورۆ، بودجەی تەرخانکراویشی نزیکببێتەوە لە ملیار یورۆ، ئەوەش دەریدەخات کە یانەکە لەرووی داراییەوە نەک بەهێزترینە لە ئیسپانیا، بگرە لەو ئەوروپاش دەبێتە باوکی هەمووان و بە گیرفانێکی پڕەوە رکابەری نییە.

کات بۆ هەمووان تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم تیپە بە قۆناغێکی زۆر باشدا تێدەپەڕێت، بناغەی تیپەکە لەلایەن ئەم یاریزانانەوە بونیادنراوە، ئەوان ئەم گۆڕانکارییە بەڕێوەدەبەن کە زۆر لەمەوبەر دەستی پێکردووە، گەنجەکان بە باشی فێردەبن چۆن لە ڕیاڵ مەدرید مامەڵە بکەن.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید.

جگە لە ساڵی 2020 کە بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە یانەکە نەیتوانیوە پاداشتی تەواوی یاریزانانی بکات، لە سەرجەم وەرزەکانی دیکەد پاداشتی تایبەتی خۆیان وەرگرتووە و لە بەهێزترین وەرزدا گەیشتووەتە 800 هەزار یورۆ، بەڵام لەم وەرزەدا و لە ئەگەری سەرکەوتن بەرامبەر بایرن میونشن و چنینەوەی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، پاداشتی هەر یاریزانێک دەگاتە ملیۆنێک و 400 هەزار یورۆ، بەوپێیەی داهاتی ناسناوی لالیگایان دەگاتە 53 ملیۆن و بە چامپیۆنزلیگەوە ئەو بڕە دەگاتە 150 ملیۆن یورۆ، لە کاتێکدا وەرزی 2021-2022 رێژەی داهاتی ناسناوەکانیان گەیشتووەتە 133 ملیۆن یورۆ.

یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید. فۆتۆ: AP