نهێنییەکی سارگۆنی ئەکەدی ئاشکرابوو

زانا و شارەزایەکی بواری مێژووی ئاشوورییەکان، لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ ژمارەیەک سیمبولی ئاینیی ئاشوورییەکان دەکات و پێشنیازی کردنەوەی گرێیەک دەکات، کە دەیان ساڵە سەری شوێنەوارناسەکانی سووڕماندووە.

دکتۆر مارتن وەرسینگتۆن، شارەزای مێژووی ئاشوورییەکان لە کۆلێژی ترینیتی شاری دوبلن، نهێنیی چەند سیمبولێکی ئاینیی سەردەمی ئاشوورییەکان ئاشکرادەکات و سەرنجی زۆرینەی شوێنەوارناس و شارەزا شوێنەوارییەکانی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

دکتۆر مارتن ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو سیمبولانەی لەسەر دیواری پەرستگەی ئاشوورییەکان کێشراون، گوزارشت لە ناوی سارگۆنی ئەکەدی دەکەن"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ هاوتای ئاماژەدان بە ناوی سارگۆن، سیمبولەکان گوزارشتن لە ناوی ئەستێرە جیاوازەکان لەلای ئاشوورییەکان و بەهایەکی گەردوونییان هەبووە.

هەر لە سەرەتای دۆزینەوەیان لە سەدەی نۆزدەیەمی زاینییدا، سیمبولە دێرینەکانی ئاشوورییەکان لەسەر دیواری پەرستگەکان لە ناوچەی خۆرسابادی عێراق، سەری شوێنەوارناس و شارەزایانی مێژوویان سوڕماند، تاوەکو ئێستا، زۆرینە لە واتای راستەقینەی ئەم سیمبولانە تێنەدەگەیشتن.

بە گوتەی شوێنەوارناسەکان، ئەم دۆزینەوەیەی مارتن، کاریگەریی گەورە لەسەر شێوازی تێگەیشتن لە مێژووی سیمبولیزمی ئاشووریی دروستدەکات و لێرە بەدوا دەتوانن ئاسانتر و بە گۆشەنیگایەکی تەواو نوێوە، سیمبول و هێما دێرینەکانی ئاشوورییەکان بخوێننەوە.

مارتن دەڵێت، "ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر زمان و کولتوورە دێرینەکان، پڕە لە ئاستەنگیی و کردنەوەی گرێکان و دۆزینەوەی چارەسەری سیمبولە جیاوازەکان"، دەشڵێت، "ئەو سیمبولانەی لەسەر دیواری ئەم پەرستگەیەدا دۆزراونەتەوە، گوزارشت لە ناوی سارگۆن دەکەن لە بەهەشتی ئاشوورییەکاندا، ئەمەش شێوازێکی ناوازە بووە بۆ هێشتنەوەی ناوی پادشا بە نەمری".

سیمبولەکان، لە ژمارەیەک وێنەی سروشتیی و ئاژەڵ پێکهاتوون، لەوانە: شێر، گا، هەڵۆ، کێشانە و درەختی هەنجیر، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەر، کە لە شاری خۆرساباددا، لەسەر دیواری پەرستگەیەکی ئاینیی دروستکراون و باوەڕ وایە شوێنی مانەوەی پادشا سارگۆنی دووەم بووە، کە وەکو پادشایەکی مەزن ناوی هێنراوە.

سارگۆنی ئەکەدی، کە ناسراوە بە سارگۆنی مەزن، یەکەم پادشا و رابەری ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییەکان بووە، کە توانیویەتی لە سەدەی 24 بۆ 23ی پێش زایندا، شارە سۆمەرییەکان داگیربکات، زۆرینەی شوێنەوارناسەکانیش دەڵێن، یەکەم کەسایەتیی بووە مێژوو بنووسێتەوە لە سایەی حوکمڕانیی ئیمپراتۆرییەتێکدا.