بەشێک لە گرنگترین پارچەکانی مۆزەخانەیەکی بەریتانیا دزراون

مۆزەخانەی ئێلی لەبەریتانیا رایگەیاندووە، چەند پارچەیەک لە گرنگترین پارچەکانی مۆزەخانەکە کە مێژووییان بۆ سەردەمی برۆنزی دەگەڕێتەوە، دزراون، لە ئێستادا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕاندنەوەیان.

بەگوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی "heritagedaily"، دزییەکە رۆژی رابردوو کراوە، دزەکان گرنگترین پارچەی مۆزەخانەی ئێلی لە رۆژهەڵاتی کامبریجشێریان دزیوە، کە ئەڵقەیەکی ئاڵتوونییە لە رابردوودا کراوەتە مل، مۆزەخانەکە لە ساڵی 2017ـەدا لەرێگەی بەخشینی خەڵک و یارمەتییەوە بەدەستیهێناوە.

مێژووی ئەو پارچە ئاڵتوونییە، بۆ 3000 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە گەورەترین پارچەکانی جۆری خۆی کە لە بەریتانیا دۆزراوەتەوە، درێژییەکەی 126 سانتیمەتر و کێشی 730 گرامە، هەروەها پارچەیەکی دیکە دزراوە کە ئەویش بازنگێکی ئاڵتوونیی سەردەمی برۆنزییە.

سەبارەت بەوەش، ئێلی هیۆز بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، گوتوویەتی، "ئەمە لێدانێکی گەورە بوو بۆمان، دوای ئەو پشتگیرییەی کە خەڵک پێی بەخشین بۆ بەدەستهێنانی ئەو پارچە ئاڵتوونییە، ئێستا تاکە شتێک بمانەوێت بیکەین ئەوەیە هاوکاری پۆلیس بکەین بۆ گێڕانەوەی پارچە دزراوەکان".