دۆسیەی ساختەکاریی شاکیرا داخرا

داواکاری گشتی ئیسپانیا رایگەیاند، بڕیاریداوە بە داخستنی دۆسیەی تۆمەتبارکردنی شاکیرا، خانمە هونەرمەندی کۆڵۆمبی، پاش ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا لەپێناو نەچوون بۆ دادگا و سەلماندنی بێتاوانیی، ملیۆنان دۆلاری وەک غەرامە داوە.

داواکاری گشتی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردووەتەوە، "نەگەیشتوون بە بەڵگەی تەواو" بۆ تاوانبارکردنی شاکیرای خانمە هونەرمەندی کۆڵۆمبی، لەو دۆسیەیەدا کە تێیدا ئەو خانمە هونەرمەندە بە ساختەکاری لە پێدانی باج تۆمەتبارکراوە.

لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوودا دادگای بەرشەلۆنە بڕیاریدا، ئەو کەیسە دژ بە شاکیرا بجوڵێنێت، دوای ئەوەی گومان لەوە دەکرا، لەڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیاوە ساختەکاریی لە پێدانی باجدا کردبێت.

لە پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک، لە ماوەی رابردوودا، شاکیرا 6.6 ملیۆن یۆرۆی دایە دادگا، کە وەک غەرامە لێی داواکرابوو، یەکێک لە ئامانجەکانیشی ئەوەبوو بیسەلمێنێت، خۆی لە هیچ باجێک نادزێتەوە.

شاکیرا ئیزابێل میباراک ریپۆل، ناسراو بە شاکیرا، ئێستا تەمەنی 47 ساڵە، لە تێکڕای ژیانی هونەریی خۆیدا، 11 ئەلبومی موزیکیی تایبەت بە ستۆدیۆ و پێنج ئەلبومی راستەوخۆی بەرهەمهێناوە، کە بەتێکڕای ئەلبومەکان، 69 گۆرانیی و 62 کلیپی هونەریی بەرهەمهێناوە.

لە ئاستی فرۆشی ئەلبومەکاندا، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، 125 ملیۆن ئەلبومی موزیکی فرۆشتووە، خاوەنی 500 خەڵاتی جیاوازە، لەوانە سێ خەڵاتی گرامیی و 14 گرامیی لاتینی، بەمەش بووە بە رێزلێنراوترین هونەرمەندی ئەمریکای لاتین.