شێوەکارێکی هۆڵەندا سەرنجی هەوادارانی هونەر بەلای خۆیدا رادەکێشێت

غایاسینا فان دام، خانمە هونەرمەندێکی شێوەکاری دیاری هۆڵەندایە و خاوەنی توانایەکی زۆر باشی نیگارکێشییە، کە دەتوانێت بە دەست و قاچەکانی و لەیەک کاتدا نیگارەکان بکێشێت.

دوو فڵچە لەنێو پەنجەکانی قاچی و دووانیش لەناو دەستەکانی، غایاسینا دەتوانێت لە یەک کاتدا هزر و بیری خۆی بۆ کێشانی 10 تابلۆ تەرخان بکات و لە یەک کاتدا کاریان لەسەر دەکات.

توانا و بەهرەی ئەم خانمە هونەرمەندە، سەرنجی ئارەزوومەندانی هونەری بەلای خۆیدا راکێشاوە و لەکاتی کارکردن و کێشانی وێنەکاندا ئامادەی ستۆدیۆکەی دەبن

غایاسینا بە گوتەی خۆی، سەرەتا کارکردن لەسەر 10 تابلۆ لە یەک کاتدا، وەکو گاڵتەیەک بەسەر دەمیدا هاتووە و لە میانی ئاهەنگێکدا بەڵێنی ئەنجامدانی داوە، بەڵام ئێستا بووە بە راستیی و دەتوانێت ئەم کارە ئەستەمە ئەنجامبدات.

ناوەڕۆکی تابلۆکانی غایاسینا، لە چەندین بابەتی جیاواز پێکهاتوون، هەر لە کەشتیوانە ئاسمانییەکانەوە تاوەکو وێنەی پشیلە و پانداکان، خوازراوترین بابەتەکانی ئەم هونەرمەندەن.

جەیکۆ فان دام، باوکی غایاسینایە، بەڕێوەبەڕ و رێکخەری هونەریی کارە هونەرییەکانیەتی و جەخت لەوە دەکاتەوە، تابلۆ هونەرییەکانی بە ئاسانی دەفرۆشرێن، نرخی مامناوەندییشیان لەنێوان 600 بۆ 12 هەزار یۆرۆدایە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سوودێکی گەورەیان بە تواناکەی غایاسینا گەیاندووە، بە بڵاوکردنەوەی هەر ڤیدیۆیەک، ملیۆنان بینەر روو لە هەژمارەکانی دەکەن و زۆرینەی هەوادارەکانی ستایشی تواناکەی دەکەن، زۆرینەش جەخت لەوە دەکەنەوە: غایاسینا تاکە هونەرمەندە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا بە دەست و قاچ تابلۆ بکێشێت