پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی تاران دەستیپێکرد

رێکەوتی هەشتی ئایار، نوێترین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی تاران کرایەوە و چەندین خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوچەکە بەشدارییان تیادا کردووە.

35ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی تاران، رێکەوتی هەشتی ئایار، بەناونیشانی "دەخوێنینەوە، بونیاددەنێین" دەستیپێکرد و بڕیارە ماوەی 10 رۆژ بخایەنێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی فەرمی پێشانگەکە، زیاتر لە سێ هەزار خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیی لە خولی ئەمساڵدا بەشدارن، هەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پێشانگەکەشدا، هەزاران سەردانیکەر روویان لە خوێندنەوە و کڕینی کتێب کرد.

ئاماژە بەوەش دراوە، لە خولی ئەمساڵدا، زیاتر لە 350 چالاکیی کولتووریی ئەنجامدەدرێن، لەوانە: قسەکردن سەبارەت بە شێوازی بڵاوکردنەوەی کتێبەکان، رەخنەگرتن و پێداچوونەوە، هاوتای خوێندنەوەی شیعر، گێڕانەوەی چیرۆک و کۆڕ و سیمینار سەبارەت بە نووسینی ئەدەبی و زانستی.