چوار دیارترین بەرهەمە سینەماییەکانی پیتەر پان بناسە

بە ئەستەم هەوادارێکی سینەما و وێنەی جووڵاو دەدۆزیتەوە کارەکتەری خەیاڵیی "پیتەر پان" نەناسێت، ئەم کارەکتەرە چاکەخوازە، بۆ یەکەمجار ساڵی 1902، لە چوارچێوەی کتێبی رۆماننووسی سکۆتلەندی، جەی. ئێم. باری دەردەکەوێت، ماوەی زیاتر لە 120 ساڵە، بەردەوام کاریگەریی لەسەر ناوەندی سینەما و گێڕانەوە خەیاڵییەکان دروستکردووە، رێکەوتی نۆی ئایار، وەکو رۆژی ئەم کارەکتەرە دیاریکراوە، لێرەدا، ئاماژە بە چوار بەرهەمی سینەمایی دەدەین، کە سەبارەت بەم کارەکتەرە بەرهەمهێنراون.

Peter Pan
ساڵی بەرهەمهاتن: 1924
دەرهێنەر: Herbert Brenon
براوەی چوار خەڵاتی سینەمایی

پیتەر پان، ئەو کوڕەی کە هەرگیز گەورە نابێت، لە گەڕانی بەدوای سێبەرە هەڵهاتووەکەیدا، دەگات بە ژمارەیەک منداڵ و نەوجەوان، بەرەو خاکی "نێڤەر لاند" رایاندەکێشێت و وانەی سەمەرەی قۆناغی منداڵییان فێردەکات، لە میانی وانەکانیدا، دوچاری کەسایەتییەکی شەڕانگێز دەبنەوە بەناوی "کاپتن هوک".

فیلمی پیتەر پانی ساڵی 1924، یەکەم فیلمی بەرهەمهێنراوی ئەم کەسایەتییەیە و فیلمێکی رەش و سپی و بێدەنگی قۆناغی کلاسیکیی سینەمایە، لەلایەن دەرهێنەری ئەمریکی، هێربەرت برێنۆنەوە دەرهێنانی بۆ کراوە.

هەوادارانی پیتەر پان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەم فیلمە دەکرێت باشترین بەرهەمی سینەمایی بێت کە سەبارەت بەم کارەکتەرە خەیاڵییە بەرهەمهاتبێت، بەو هۆکارەی لە ئاستی تەکنیکە سینەماییەکادا، تێکڕای ئەو هونەر و فێڵانەی تیادا بەکارهێنراوە کە لەو سەردەمەی سینەمادا هەبوون.

ئەم فیلمە بێدەنگە، توانیویەتی سەرنجی بینەرانی سینەما بەلای خۆیدا رابکێشێت و خاوەنی چوار خەڵاتی سینەماییە.

Walt Disney’s Peter Pan
ساڵی بەرهەمهاتن: 1953
دەرهێنەر: Hamilton Luske – Clyde Geronimi – Wilfred Jackson
براوەی خەڵاتێکی سینەمایی

پیتەر پان، هاوشانی هاوڕێ خۆشەویستە بچکۆلانەکەی بەناوی تینکەر بێڵ، سێ منداڵ بەرەو دورگەی نێڤەر لاند دەبەن و ئاشنای جیهانێکیان دەکەن کە بۆ مرۆڤە ئاساییەکان پەنهان و شاراوەیە.

منداڵەکان، بێئاگا لەوەی، کاپتن هوکی دوژمنی سەرسەختی پیتەرپان، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی بڕانی قۆڵی لە پیتەر پان داوە و هەوڵی راونانیان دەدات.

لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئانیمەیشن و وێنەی جووڵاودا، پیتەر پانەکەی کۆمپانیای واڵت دیزنی، لە دیارترین ئەو بەرهەمانەیە کە سەبارەت بەم کارەکتەرە بەرهەمهێنراون، زۆرینەی منداڵ و گەورەکانی ئەم سەردەمەش، لەرێگەی کۆمپانیای دیزنییەوە ئاشنایەتییان بۆ پیتەر پان پەیداکردووە.

گەرچی لە ئاستی بەرهەمهێناندا، ئەم فیلمە توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام رەخنەگران جەخت لەوە دەکەنەوە، گۆرانییەکی ئەم بەرهەمە، خاوەنی ناوەڕۆکێکی رەگەزپەرستانەیە بەرامبەر بە ئەمریکییە رەسەنەکان، لە سایەی ئەو ناونیشانەی کە دەڵێت، "چی وای کردووە پیاوە سوورەکە، سوور بێت؟".

Hook
ساڵی بەرهەمهاتن: 1991
دەرهێنەر: ستیڤن سپیڵبێرگ
خاوەنی شەش خەڵاتی سینەمایی و پاڵێوراو بۆ پێنج خەڵاتی ئۆسکار

لە ئاستی دەرهێنان و دروستکردنی فیلمدا، هەمووان ستیڤن سپیڵبێرگ دەناسنەوە، ئەم دەرهێنەرە دیارەی سینەمای هۆڵیوود، خاوەنی یەکێک لە دیارترین فیلمەکانە سەبارەت بە پیتەر پان.

گەرچی سپیڵبێرگ لە دەرئەنجامی بەرهەمهێنان و نمایشکردنی ئەم فیلمەدا، وەکو بەرهەمێکی خراپی خۆی لێی دەڕووانێت، بەڵام بینەران پێکڕا وەکو هونەرێکی ناوازە هەژماری دەکەن، تەنانەت لە ئاستی کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی هونەر و زانستی وێنەی جووڵاوی ئەمریکا ناسراو بە خەڵاتەکانی ئۆسکار، کێبڕکێی کرد بۆ بردنەوەی پێنج خەڵات، بەڵام نەیتوانیوە هیچیان بباتەوە.

Peter Pan
ساڵی بەرهەمهاتن: 2003
دەرهێنەر: P. J. Hogan
براوەی سێ خەڵاتی سینەمایی

هەوادارانی پیتەر پان هەموو پێکڕا هاوڕان لەسەر ئەوەی، فیلمەکەی ساڵی 2003، کە سەبارەت بە ناوەڕۆکی گێڕانەوەی پیتەر پان بەرهەمهاتووە، رەسەنترین فیلمی سیەنەمایی ئەم کارەکتەرەیە و هیچ دەرهێنەرێک نەیتوانیوە هاوتای پی. جەی. هۆگن، لە وێناکردنەوەی گێڕانەوەی راستەقینەی رۆمانەکەی جەی. ئێم باری کار بکات.

ئەم فیلمە، هاوتای بەرهەمەکانی پێش خۆی، گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کوڕە ئەفسووناوییەیە کە توانای فڕینی هەیە و هەرگیز گەورە نابێت، رەخنەگران بە فیلمێکی باشی دەزانن لە ئاستی وێناکردنەوەی رووداوەکاندا، بەڵام بینەران بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکە، نەیانتوانیوە سەرنج بە دیمەنەکان بدەن و ئامادەی بینینی نەبوون لە سینەمادا، ئەمەش وای کرد فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیسی ساڵی 2003، وەکو بەرهەمێکی شکستخواردوو هەژمار بکرێت.