پڕۆژەی ئارتفرۆش پێشانگەی "ژیاننامەی ڕووناکی" دەکاتەوە

پڕۆژەی ئارتفرۆش لە دامەزراوەی ڤیم، پێشانگەیەک بە ناوی "ژیاننامەی ڕووناکی" بۆ هونەرمەندی شێوەکاری عێراقی "حەسەن عەبوود" لە گەلەری ئارتفرۆشدا دەکاتەوە.
ڕەبەن عزەت، یاریدەدەری رێکخەری پڕۆژەی ئارتفرۆش، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، پڕۆژەی قازانج نەویستی ئارتفرۆش، پێشانگەیەک بۆ شێوەکاری عێراقی "حەسەن عەبوود" دەکاتەوە، کە هونەرمەندێکی عێراقی بەناوبانگە و لە وڵاتی هۆڵەندا دادەنیشێت.
ئاماژەی بەوەدا، ئەمە بەشێکە لەو پڕۆژەیە، کە ئامانجی بەبازاڕیکردنی کار و بەرهەمی هونەرمەندانە، لەپێناو ناساندنی بەرهەمەکانیان.
وابڕیارە پێشانگەکە رۆژی شەممە، 11ـی ئایاری 2024 لە دامەزراوەی ڤیمدا بکرێتەوە، تاوەکو رۆژی 18ـی هەمان مانگ بەردەوام بێت.
ڕەبەن عزەت لەباسی ئەو پڕۆژەیەدا، گوتی، پڕۆژەی ئارتفرۆش، پلاتفۆرمێکی هونەری شێوەکارییە تایبەتمەندە بە هونەرمەندانی شێوەکار لە هەموو عێراق، لە بوارەکانی تابلۆ، پەیکەر و سیرامیک و دیجیتاڵ ئارتدا، پرۆژەیەکی قازانج نەویستە و ئامانجی بەبازاڕیکردنی کار و بەرهەمی هونەرمەندەکانە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ.
تاوەکو ئێستا 82 هونەرمەند لە کوردستان و عێراقەوە بەشداری پلاتفۆرمەکەیان کردووە، کە جگە لەوەی کاری هونەرمەندەکان دەناسێنێت، لە هەمان کاتدا وێبسایتێکی تایبەتی هەیە کە لەناویدا بۆ هەر هونەرمەندێک پرۆفایلێکی تایبەت دروستکراوە کە ژیاننامەی ئەو هونەرمەندە، وێنە و چەند کارێکی هونەریی لەخۆدەگرێت.


جەختی لەوەشکردوە، "تەواویی قازانجەکانیش لە فرۆشتنی هەر کارێکی هونەریدا بەتەواویی بۆ هونەرمەندەکە دەگەڕێنرێتەوە، گەلەرییەکە هیچ قازانجێک بۆخۆی هەڵناگرێت".
یاریدەدەری رێکخەری پڕۆژەی ئارتفرۆش، باسی لەوەکرد، بیرۆکەی پرۆژەکە، لە ساڵی 2020ـەدا دروست بوو، ئامانجیش لە دروستکردنی ئەوەبوو کە تەنها کارە هونەرییەکانی هونەرمەندان نمایش نەکرێت، بەڵکو ئەو کارانە بفرۆشرێن و قازانج بۆ هونەرمەندەکان بگەڕێنرێتەوە، تاوەکو هونەر ببێت بە سەرچاوەی داهات بۆیان.
یەکەم پێشانگەی تاکە کەسی لەو گەلەرییەدا بۆ بەیان جافی شێوەکار کراوەتەوە، دوابەدوای ئەو هەشت پێشانگە لەناو گەلەری ئارتفرۆش کراوەتەوە، بۆ هەشت هونەرمەندی جیاواز.
ڕەبەن لەبارەی شێوازی بەشداریکردنی هونەرمەندان، روونیکردەوە، ئەو هونەرمەندانەی کە دەیانەوێت لە پرۆژەی ئارتفرۆشدا بەشداری بکەن دەبێت فۆتۆکانیان بنێرن و لەلایەن لیژنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و دواتر بەپێی هەڵسەنگاندنەکە وەردەگیرێن و پێشانگەیان بۆ دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "هونەرمەندێکی زۆر هەن کە ئارەزوو دەکەن لە گەلەری ئارتفرۆشدا پێشانگە بکەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بێبەرامبەرە و گەلەرییەکە کە لەسەر ئاستی کوردستان سلێمانیش لە ئاستێکی بەرزدایە".
یاریدەدەری رێکخەری پڕۆژەکە پلانی داهاتووی ئاشکراکرد و گوتی، "پلانمان وایە کە لە داهاتوودا پێشانگەیەکی تایبەت بە هونەرمەندانی کورد لە دەرەوەی عێراق بکەینەوە، کە ئەمە ناساندنێکی باشی هونەرمەندانی کوردە لە دەرەوەی عێراق و کوردستاندا".
گوتیشی، "بە بەردەوامی کاردەکەین بۆئەوەی زیاتر هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بناسێنین و زۆرترین کاری هونەرییان بۆ بفرۆشین بۆئەوەی هونەر ببێت بە سەرچاوەی داهاتێک بۆ ژیانیان".