لە هۆڵى رۆشنبیریی سلێمانى مۆزەخانەی نەتەوەسازان کرایەوە

لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی "مۆزەخانەی نەتەوەسازان" بۆ کەلوپەل و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە هونەرمەندانی بواری شانۆ و سینەما کرایەوە.

ئەمڕۆ، نۆی ئایاری 2024، لە ساڵۆنی هۆڵی رۆشنبیری سلێمانیدا، بە ئامادەیی دکتۆر موحسین ئەدیب بەڕێوەبەرى گشتی رۆشنبیریی و هونەرى سلێمانى، محەمەد کوردۆ یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی،  نیاز نوری نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و هونەرمەندان و رۆشنبیرانى شارەکە، مۆزەخانەکە کرایەوە.

مۆزەخانەی نەتەوەسازان یەكەم مۆزەخانەیە لە كوردستان، کە تایبەتە بە وێنە و كەلوپەل و بەڵگەنامەكانی تایبەت بە هونەرمەندانی بوارەكانی شانۆ و دراما و سینەما و فیلم، کە بە سپۆنسەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی کرایەوە.

دکتۆر موحسین ئەدیب بەڕێوەبەرى گشتی رۆشنبیریی و هونەرى سلێمانى، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "ئامانج لە کردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە بەرزڕاگرتنی یادی ئەو هونەرمەندانەیە کە بە جەستە بەجێیان هێشتووین و بە رۆح لەگەڵمانن".

ئاماژەی بەوەشداوە، مۆزەخانەکە تایبەتە بە شانۆکاران و فیلمسازەکان، هۆڵی رۆشنبیریمان هەڵبژارد چونکە زۆرینەی زۆری ئەو هونەرمەندانە لە هۆڵی رۆشنبیری نمایشیان کردوە، هەروەها بەردەوام چالاکیی تێدایە، ئەمەش وادەکات بەردەوام هاونیشتمانیان بچنە مۆزەخانەکە و شتومەکەکانی ناوی ببینن، هەروەها ئیش لەسەر ئەوە دەکەین کە گەورەی بکەین بۆئەوەی زۆرترین هونەرمەند جێ بکەینەوە".

لەبارەی هەڵبژاردنی ناوی "نەتەوەسازان"ـەوە، بەڕێوەبەرى گشتی رۆشنبیریی و هونەرى سلێمانى، روونیکردەوە، ناوی مۆزەخانەکە چەمکێکی تازەیە کە هەڵمانبژاردووە چونکە پێمان وایە کە هونەرمەندان دروستکەر و خالیقی نەتەوەن، چونکە نوسەران و ئەدیبان یادەوەرییەکی هاوبەش لە نێوان لە رۆڵەکانی نیشتمانماندا دروست دەکەن، ئەم یادەوەرییە هاوبەشەش بریتییە لە نەتەوە، هەر ئەم یادەوەرییە هاوبەشەشە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.

گوتیشی، "ویستمان ئەم مۆزەخانەیە تایبەتمەندی هەبێت بۆیە تایبەتمان کردووە بە هونەرمەندانی شانۆکار و سینەماکارانەوە، لە راستیدا هونەرمەندمان زۆرە لە ژانرە جیاوازەکاندا و نەماندەتوانی هەموویان لەم مۆزەخانەیەدا جێبکەینەوە، چونکە شوێنەکە دیاریکراوە، بۆیە بەباشمان زانی تەنها بۆ شانۆکاران و سینەماکاران بێت".