ئیسەن هۆک رەخنە لە گەنجان دەگرێت

ئیسەن هۆکی ئەکتەری جیهانیی رەخنەی لە گەنجان دەگرێت، بەهۆی ئەوەی "تەماشای فیلمەکان ناکەن" و ئاماژەی بەوەداوە، کە لەوە تێناگات بۆ گەنجان سەیری فیلمی زیاتر ناکەن لە کاتێکدا ئێستا بە ئاسانی دەست دەکەون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ " MovieMaker"، هۆک گوتی، "ئەوەی لێی تێناگەم، هەر ئەوەشە وام لێدەکات هەست بکەم گەورەبووم، ئەوەیە کە بۆ گەنجانی ئێستا سەیری فیلمی زیاتر ناکەن، پێم وایە ئەمە پەیوەندیی بە کەمیی رۆشنبیرییەوە هەیە سەبارەی بە فیلمە گەورەکان".

هۆک گوتیشی، "ئەوان نازانن فاسپیندەر، ئیریک رۆمیێر و کورۆساوا کێن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان ئامادەن سەیری دراما تەلەفیزیۆنییەکان بکەن، کە دوێنێ پەخش کراون و تەنانەت بیریشیان نامێنێت".

ئەو ئەستێرەیە جەختی لەوەکردەوە، سینەما شێوازێکی گەنجی هونەرە، بەڵام ئێستا واردەکەوێت کە تەمەنیی 100 ساڵ بێت، چەندین کاری باشی تێدایە، دەتوانرێت بە جۆشەوە سەیر بکرێن، گوتی، "من بەلامەوە سەیرە کە دەبینم گەنجان دەڵێن حەزم لە فیلمە و دەمەوێت فیلم بەرهەم بهێنم، لە کاتێکدا کە سەیری فیلم ناکەن".