سیلینا گۆمێز خۆی بە "گەمژە" ناودەبات

سیلینا گۆمێز، خانمە هونەرمەندی جیهانی، دوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، رووبەڕووی هێرشی زۆر بووەوە هەر ئەمە وایکرد ئەو خانمە هونەرمەندە داوای لێبووردن بکات و خۆی بە "گەمژە" ناو ببات.

پاش ئەوەی گۆمێز، لە هەژماری ئینستاگرامەکەیدا، وێنەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا کوپێکی ستاربەکس دەرکەوتبوو، چەندین کۆمێنتی نەرێنی بۆ نووسرا.

زۆرینەی ئەوانەی کۆمێنتیان لەسەر بڵاوکراوەکە نوسیبوو، دەیانگوت کە ئەو پشتگیریی لە هێرشکردنە سەر فەلەستین دەکات، تەنانەت هەندێک کەس دەیانگوت شایەنی ئەوەیە کە رقمان لێی بێت.

لەدوای ئەوەی فۆتۆکەی هەرایەکی زۆری نایەوە، گۆمێز وەڵامی یەکێک لە کۆمێنتەکانی دایەوە کە تێیدا نوسرابوو، "ئەو شایەنی رق لێبوونە.. ناکرێت هێندە گەمژە بێت"، ئەویش لە وەڵامدا نوسیبووی "من نەمزانیبوو، بۆیە دیارە من هێندە گەمژەم، ببورە".

دوابەدوای ئەوەش گۆمێز فۆتۆکەی سڕییەوە، بەڵام ئەمە هێرشی بینەرەکانی نەوەستاند و کەسانێکی زۆر بەردەوام بوون لە نوسینی کۆمێنتی نەرێنی بۆی.

سیلینا گۆمێز، تەمەنی 31 ساڵە، تاوەکو ئێستا خاوەنی سێ ئەلبوومی موزیکی و 36 تاک گۆرانییە، لە 117 فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنییدا رۆڵی هەبووە، خاوەنی 120 خەڵاتی جیاوازی هونەرییە و 239 جار پاڵێوراو بووە بۆ بردنەوە.