چوار دیارترین مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان بناسە

رێکەوتی 18ی ئایار، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، وەکو رۆژی مۆزەخانەکان دیاریکراوە، لەم رۆژەدا، بەشێکی دیار لە مۆزەخانە جیاوازەکانی جیهان، دەرگاکانی خۆیان بەبێ بەرامبەر بەرووی سەردانیکەراندا دەکەنەوە و مێژووی کولتوور و شارستانییەتەکان ئاشنا دەکەن.

ساڵی 1977، ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەکان، رێکەوتی 18ی ئایاری وەکو رۆژی مۆزەخانەکان دیاریکردووە، ساڵی رابردوو، بە بەشداریی 37 هەزار دامەزراوە لە 158 وڵاتی جیاوازدا، بەشدارییان لە بۆنە و چالاکییە جیاوازەکانی ئەم رۆژە کرد و تیایدا، وانەی تایبەتیان بۆ فێرکردنی مێژوو، کەلەپوور و پاشماوەی شارستانییەتەکانیان پێشکەشی سەردانیکەران کرد.

مۆزەخانەکان لە ئاستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی پاراستنی کەلەپوور و کولتوور دادەنرێن، ساڵانە ئامانجیان بۆ دیاریدەکرێت بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و ئاشناکردنی خەڵک بە مێژووی شارستانییەتەکان و لێکەوتە کەلەپوورییە مرۆییەکان، لەم رۆژەدا، سەرنج دەخەینە سەر چوار دیارترین ئەو مۆزەخانانەی، لە کوردستان هەن و سەردانیکەران لێیانەوە، دەتوانن باشتر ئاشنای مێژوو، کەلەپوور و کولتووری نەتەوەی کورد و ناوچەکە ببن.

مۆزەخانەی سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی، ساڵی 1961 دامەزراوە، یەکەم گەورەترین و دەوڵەمەندترین مۆزەخانەی هەرێمی کوردستانە، لە ئاستی عێراقیشدا، پلەی دووەمینی گرتووە پاش مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق لە بەغداد، ئەم مۆزەخانەیە، دەوڵەمەندە بە پارچەی شوێنەوار، بەدیاریکراوییش ئەو شوێنەوارانەی لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان و میزۆپۆتامیاوە جێماون.

لە ساڵی 2011ـەوە، ئەم مۆزەخانەیە بە هاوبەشیی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک زانکۆی ئەوروپا، کاری لەسەر بەرەوپێشبردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە و ژوورەکانی کردووە.

یەکێک لە دیارترین پارچە مێژووییەکانی ئەم مۆزەخانەیە، بەناوی "تابلێتی ژمارە پێنج"ی ئەفسانەی گلگامێش، لەم مۆزەخانەیەدا پارێزراوە، کە پارچەیەکی مێژوویی شارستانییەتی بابلییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زاین.

مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر

یەکێکە لە مۆزەخانە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان، پاش مۆزەخانەی سلێمانی، دووەم گەورەترین مۆزەخانەی هەرێمە، یەکەم بینای ئەم مۆزەخانەیە، ساڵی 1960 دروستکراوە، پاشان لە ناوەڕاستی دەیەی حەوتەمی سەدەی رابردوودا، بیناکەی گواستراوەتەوە بۆ قەڵای هەولێر، ئێستاش مۆزەخانەکە لە نزیک گردی کۆنی قالنج ئاغا دامەزراوە و ساڵی 1989 دروستکردنی تەواوبووە.

لە ئاستی ناوەڕۆک و کۆکردنەوەی شوێنەوارەکاندا، مۆزەخانەی هەولێر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا گەشەسەندنی بەردەوامی بەخۆوە بینیوە، مۆزەخانەکە لە سێ بەشی مێژوویی گرنگ پێکهاتووە، ژووری نمایشی پارچەکان، کە یەکێکە لە دیارترین ژوورەکانی ئەم مۆزەخانەیە، چەندین پارچەی شوێنەوار و کەلەپووری دێرینی ناوچەکەی لەخۆگرتووە، هەر لە سەردەمی پالیۆلیسیکەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین، هاوتای پاشماوەکانی ئاشووریی و بناغەی پەرستگەی کۆدیای کۆن، فەرمانڕەوای لاکش لە ماوەی سێیەمی باشووری میزۆپۆتامیا.

مۆزەخانەی رستن و چنینی کوردی

یەکێکە لە مۆزەخانە دیارەکانی شاری هەولێر، ساڵی 2004 لە هەناوی قەڵای هەولێردا دامەزراوە بە ئامانجی نمایشکردنی بەرهەمی رستن و چنینی کەلەپووریی و نەریتیی کورد، بنکەیەکی گرنگە بۆ ناساندنی کولتووری کوردەواریی لە دروستکردنی پێداویستییەکانی ناوماڵ، بەدیاریکراوییش راخەر، فەرش و بەرهەمی رستن و چنین.

بەشێک لەو پارچانەی لەم مۆزەخانەیەدا نمایشکراون، تەمەنیان سەدان ساڵە، کەلەپووری دەوڵەمەندی کورد نیشان دەدەن لە کارسازیی و هونەری رستن و چنینی فەرش و پێداویستییدا، هاوتای نیشاندانی شێوازی ژیانکردنی کۆنی کورد، کە بەگوێرەی شوێن و ناوچەی نیشتەجێبوون، کاریگەر بوون بە نەریتی تایبەتی ناوچەکان.

مۆزەخانەی کەلەپووری کورد

یەکێکە لە مۆزەخانە دیارەکانی شاری سلێمانی، لە هەناوی شەقامی مەولەوی، بەشێوەیەکی هاوچەرخانە لە ساڵی 2015 بونیاندراوە، لەلایەن "رێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کوردی" خاوەندارێتیی دەکرێت، لە نهۆمی دووەمی هۆتێلێکی پێشووتری شارەکە دروستکراوە بەناوی "هۆتێل فەرەح".

لەناو ئەم مۆزەخانەیەدا، بەنزیکەی دوو هەزار پارچەی جیاوازی کەلەپووریی پارێزگارییان لێدەکرێت، لەوانە: جلوبەرگ، خشڵ، کتێب، دەستنووس و پێداویستیی ناوماڵ، کە بەشێوەیەکی گشتی، مێژوویان لەنێوان 50 بۆ 400 ساڵە.

یەکێک لە دیارترین بەشەکانی ئەم مۆزەخانەیە، کۆکراوەیەکی تایبەت بە جووەکانە، کە تیایدا، ئەو کەلوپەل و شمەکانە هەن، لەلایەن جووەکانی شاری سلێمانییەوە بەکارهێنراون پێش کۆچکردنیان بەرەو ئیسرائیل، دیارترینیان: سێ تەوراتی دەگمەن و چەند بەشێکی تەوراتی مزراحی.