جەعفەر ئیمینکی هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکانی عەلی زەیدی و کاردانەوەکان کرد.
جەعفەر ئیمینکی ستایشی یەکهەڵوێستیی لایەنەکان دەکات و یەکگرتوویی بە چەکە هەرە بەهێزەکەی کورد دەزانێت.
جەعفەر ئیمینکی بڕیارەکانی زەیدی بە دژی دەستوور دادەنێت و ترسی لەوەیە بەرنامەی گەورەتر بێت.
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند ئاماژەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادد هەیە و جموجوڵەکانی عەلی زەیدی بە "شانۆگەری" ناو دەبات؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئەگەر بچێتە سەر واتای ئەوەیە "ئێمە نەتەوە نین". ناوبراو لە بوڵتەنی کاتژمێر 12ـی کەناڵ 8ـدا، قسەی لەسەر بڕیارەکان و کاردانەوەکان کرد.
جەعفەر ئیمینکی، بڕیار و هەنگاوەکانی عەلی زەیدیی لە دۆسییەی عەدنان جومەیلی و جورفولسەخر وەبیرهێنایەوە و گوتی: "ئەوەی عەدنان جومەیلی بەڕاستی بە ڕێکەوت دروست بوو و بەرنامە نەبوو، هەر بە ڕێکەوت وای دروست کرد و دواتر هەستی پێ کرد کە ئەمە بۆ کەسایەتیی خۆی و بۆ خۆدەرخستن (شۆ) شتێکی زۆر باشە تاوەکو بانگەشەی پێ بکات؛ بە کردەیی لە میدیادا کردی و زۆر سوودی لێ بینی، چووە ئەمریکاش و هەر سوودی لێ بینی".
جەعفەر ئیمینکی:
عەلی زەیدی تەنیا ئەوەی لە دەست هات.
دواتریش کە پرسی جورفولسەخر هاتە سەر، قوڕی بەسەر عێراقیشدا کرد و هیچی بە هیچ نەکرد.
ناکرێت دۆسییەیەکی وا گەورە بە شێوازێکی وا چارەسەر بکرێت.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، داوا دەکات دەرگای گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵیان بکرێتەوە و دەڵێت ئاماژەی واش هەن، بەڵام گوتی: "من مەترسیم هەیە کە ئەمە بەرنامە بێت؛ چونکە ئەم جموجوڵانەی چاتام هاوس لە بەریتانیا، هاتنی هەندێک کەسایەتیی دیپلۆماسی، گرێدانی عێراق بە بزنسێکی نێودەوڵەتییەوە و ئەم وەبەرهێنانەی کە پێشتر باسی لێ دەکرا، هەندێک بابەت لەمانە گوماناوین".
جەعفەر ئیمینکی:
دەبێت بە وریایی و بە گومانەوە تەماشای بکەین تاوەکو دڵنیا دەبینەوە کە بەرنامەڕێژییەک نییە.
ئەگەر بەرنامە نەبێت، بۆچوونم وایە بە ئاسانی دەکرێت ئەو مەترسییانە چارەسەر بکرێن.
یەکگرتنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گرنگە.
پەیوەندییەکان هەن و بەردەوامن، بەڵام دەبێت وا بکەین ئەو ئاڵۆزییە نەبێتە هۆی ئەوەی تووشی بنبەست ببین.
ئەو پەیوەندییانە زۆر گرنگن و دەبێت هێڵە گەرمەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بەردەوام بێت؛ ئێستا ئاماژەی ئەرێنی دەبینین.
من ناڵێم پاشگەزبوونەوە، بەڵکو بە هەڵە تێگەیشتن هەبووە و مافی ئێمەش بوو وا تێبگەین.
دەرگای دیالۆگ کراوەیە، ئیدی بۆچی ئەمانە نەهاتن و دەرگای دیالۆگیان نەگرتە بەر؟.
پێشتر ڕێککەوتن هەبوو لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی زەیدی، بۆچی ئەم ڕێککەوتنانە جارێکی دیکە پەراوێز دەخرێن؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و هێشتا ڕوون نین.
جەعفەر ئیمینکی، بۆچوونی وایە سەرەڕای ڕێککەوتن و پەیوەندییەکان، بەڵام زەیدی پێویستی بە مانۆڕێکی سیاسی هەیە هاوشێوەی جورفولسەخر و دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی و گوتی: "ئەمە بابەتێکی کەسییە و دەیەوێت خۆی پێشان بدات. نازانم سەرکردە عێراقییەکان کەی لەم خۆدەرخستنە تێر دەبن؟ ئەگەر بابەتەکە تەنیا ئەوە بێت، ئەوا دەکرێت بە شێوازێک لە شێوازەکان چارەسەر بکرێت".
"دەباشان ماڵی خۆمانە"
جەعفەر ئیمینکی، ستایشی هەڵوێستی یەکگرتووی نێوان لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "دەکرێت ڕۆحی ڕێککەوتنی ستراتیجی زیندوو بکەینەوە".
جەعفەر ئیمینکی:
سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود سەردەمی پەیوەندیی زێڕینی پارتی و یەکێتی بوو. بەداخەوە ماوەیەکە هەندێک پەرتەوازەیی دروست بووە.
ئینشائەڵڵا لەمەودوا پەند وەربگرین، چونکە ئەگەر ئێستا پەند وەرنەگرین، خوا بۆمان بگرێت.
دوێنێ شتێکی زۆر ئەرێنی و باش بوو ئەو لێدوانە هاوبەشە.
خۆمان نەبینیوە دوور لە سلێمانی و دوور لە دەباشان.
دەباشان بە ماڵی خۆمان دەزانین.
جەعفەر ئیمینکی، نیگەرانیی خۆی لەوە پیشان دا کە لە هەندێک میدیای عێراقی دوای ڕێکارەکانی زەیدی، دەستەواژەی "شیمالی عێراق" بەکارهێنراوە؛ بە بۆچوونی ئەو ئەم شەڕە دەروونی و ڕاگەیاندنە لە سەردەمی عەلی زەیدیدا تاوانێکە بەرامبەر دەستوور.
جەعفەر ئیمینکی:
خەڵکی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەسەر ئەم پرسە دێنە دەنگ و هەڵوێست وەردەگرن و بە هیچ شێوازێک نابێت ئەمە بچێتە سەر.
ئەگەر بچێتە سەر، بەو مانایەیە کە ئێمە نەتەوە نین و شایستەی فیدراڵی و تەنانەت حوکمی زاتیش نین.
بۆ کورد ئەمە ئاڵنگارییەکە و دەبێت بە جدی وەریبگرین.
جەعفەر ئیمینکی جەختی کردەوە، حکومەتی فیدراڵی دەستی بە هەنگاوێکی هەڵە کردووە کە دوورە لە دەستوور و پێچەوانەیەتی و لە ماوەی ڕابردوودا 55 ماددەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێشێل کراون.
لە ناوەندییەوە بۆ فیدراڵى؛ ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیێنراوەکەی گۆڕی
تەواوی بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەبارەی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە