ئەنجوومەنی وەزیران: پابەندین بە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان و داوای مافەکانیش دەکەین

 

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتى کاربەڕێکەری پارتی داوا دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.

  • ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە دەبێت جێبەجێبکرێت .

  • ئەنجوومەنی وەزیران: هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە25ی تەشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتى کاربەڕێکەری پارتی کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.


ناوەڕۆکی ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران :

  • ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات.

  • وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە.

  • چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی.

  • بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. 

  • ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی.

  • داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.

  • ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە ، هەرێمی کوردستانیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە . 

  • ئەنجوومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان.

  • جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە.

  • هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت . 

  • ئەنجوومەنی وەزیران ، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

  • هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ دەکات بەردەوام بن لە ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان . 

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین دووپات دەکاتەوە. جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان ڕەفتاربکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

کەناڵ8

Wed Nov 25 2026

Loading related news...