دادگای فیدڕاڵی: ڕێکارەکانی عەلی زەیدی دەستوورین

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. فۆتۆ: AP
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. فۆتۆ: AP

پووختەی هەواڵەکە

  • دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕێکارانەی لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە گیراونەتەبەر دەستوورین .

  • دادگای باڵای فیدڕاڵی: سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت هێز لە سنوورەکان بڵاوبکاتەوە.

  • دادگای باڵای فیدڕاڵی: سەرۆکوەزیرانی عێراق مافی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی عێراقیی هەیە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.


دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕاگەیێندراوێکی درێژی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی و بڕیارەکانی زەیدی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕێکارانەی لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە گیراونەتەبەر دەستوورین


دەقی ڕاگەیێندراوی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٦، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ڕاڤەکاریی خۆی بە ژمارە (٢٦٨/ فیدراڵی/ ٢٠٢٦) دەرکرد، لەسەر بنەمای داواکاریی بەڕێز سەرۆک وەزیران لە دادگای فیدراڵی بۆ ڕاڤەکردنی هەندێک لە ماددەکانی دەستوور. دادگا پێی وایە ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکان جەختکردنەوە لەوە دەخوازێت کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێمدا زیان بە یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت ناگەیەنێت، و نابێتە هۆی دابەشکردنی دەسەڵاتە تایبەتمەندە (حەسرییە) دەستوورییەکان، هەروەها ڕێگە نادات بە پەکخستنی دەسەڵاتە هاوبەشەکان یان تێپەڕاندنی پێداویستییەکانی هەماهەنگی کە دەستوور فەرمانی پێکردووە.

بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (٩٣/دووەم) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، و ماددەی (٤/دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکانی بابەتی داواکارییەکە بەم شێوەیەی خوارەوە:

  • یەکەم: پاراستن، دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری عێراق لە دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە بەپێی هەردوو ماددەی (١٠٩) و (١١٠/دووەم) لە دەستوور، و حکومەتی فیدراڵی بۆی هەیە هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاوبکاتەوە و بەڕێوەیان ببات و ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەموو سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەو سنوورانەشەوە کە دەکەونە ناو ئەو خاکانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن.

  • دووەم: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانیان هەیە لە سەرپەرشتیکردن، چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی کاروباری فەرمانگە کارپێکراوەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی کۆماری عێراقدا، بەو دەروازانەشەوە کە دەکەونە ناو هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمەکانی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠١٦ و یاسا پەیوەندیدارەکان، بە ڕەچاوکردنی حوکمەکانی ماددەی (١١٤/یەکەم) لە دەستوور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا.

  • سێیەم: دامەزراندنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردن (ئۆتۆماتیکیکردنی) دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان و بەستنەوەیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییە تایبەتمەندەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، بەو دەروازانەشەوە کە دەکەونە هەرێمی کوردستان، و دانانی پێوەر و ڕێنماییە هونەری، دارایی و گومرگییە پێویستەکان بۆ کارپێکردنیان، دەچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سەرووی سنووری هەرێم و پارێزگاکانەوە، بەپێی ماددەی (١١٠/سێیەم) لە دەستوور، بە ڕەچاوکردنی ئەو هەماهەنگییەی لە ماددەی (١١٤/یەکەم)دا هاتووە.

  • چوارەم: بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو بەپێی حوکمەکانی ماددەی (١١٢/یەکەم) لە دەستوور ئەنجام دەدرێت، و حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەڕێوەی دەبات، و خاوەندارێتیی نەوت و گازیش هی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراقە بەپێی ماددەی (١١١) لە دەستوور. هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییە تایبەتمەندەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەکانیان هەیە لە سەرپەرشتیکردن، چاودێریکردن و وردبینیکردنی کێڵگەکان، پڕۆسەکان و گرێبەستەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز، بەپێی حوکمە دەستوورییەکان و یاسا بەرکارەکان و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٥٩/فیدراڵی/٢٠١٢) و یەکخراوەکەی (١١٠/فیدراڵی/٢٠١٩) کە لە ڕێکەوتی ١٥/٢/٢٠٢٢ دەرچووە، و گرێبەستەکانی تایبەت بەو بوارە لەلایەن لایەنە تایبەتمەندەکان و بەپێی یاسا ئەنجام دەدرێن.

  • پێنجەم: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بە پشتبەستن بە ماددەی (١١٠/سێیەم) لە دەستوور، مافی داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دیاریکردنی ڕێنمایی و پێناسەی گومرگیی یەکگرتوویان هەیە، لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی داهاتە گشتییە بەدەستهاتووەکان لە ڕەسم، باج و داهاتە نانەوتییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، و وردبینیکردن، یەکلاکردنەوە و ناردنیان بۆ گەنجینەی گشتی بەپێی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک کە پێچەوانە نەبێت لەگەڵ حوکمەکانی ماددەی (١١٤/یەکەم) لە دەستوور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا، و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤/فیدراڵی/٢٠٢٣) و یەکخراوەکەی (٢٦٩/فیدراڵی/٢٠٢٣) کە لە ڕێکەوتی ٢١/٢/٢٠٢٤ دەرچووە.

  • شەشەم: سنووری جوگرافیی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٥٣/أ) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەر دیاری دەکرێت، کە ماددەی (١٤٣) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ کارپێکردنی پێی هێشتووەتەوە، و ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبران و دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالە و نەینەوا، و نابێت دەسەڵاتی هەرێم درێژ ببێتەوە بۆ ئەو خاکانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنوورە، بە ڕەچاوکردنی حوکمە دەستوورییەکانی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە ماددەی (٥٨)ی یاسای ناوبراو و ماددەی (١٤٠)ی دەستووردا هاتوون.

  • حەوتەم: بەڕێوەبردنی ئەو خاکانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری جوگرافیی دیاریکراو بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و پیادەکردنی دەسەڵاتە دەستووری، کارگێڕی و جێبەجێکارییەکان لەسەریان، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، هەریەکەو بەپێی تایبەتمەندیی دەستووری و یاسایی خۆی، و پیادەکردنی کارگێڕیی کردەیی لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە لە دەرەوەی ئەو سنوورە، هیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی بۆ دروست ناکات.

بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و بە تێبینیی (مخالفة) دوو ئەندام دەرچوو، وەک بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و پابەندکەر بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەکانی (٩٣/دووەم و ٩٤) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ و (٤/دووەم و ٥) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە (٢٥)ی ساڵی ٢٠٢١.

کەناڵ8

Wed Nov 25 2026

Loading related news...