وەزیرە پێشبینیکراوەکانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل ئاشکرا بوون

پووختەى هەواڵ

  • گادی ئایزنکۆت لە هەڵبژاردنی کنێستدا لە نەتانیاهووی بردەوە.

  • ئایزنکۆت لە چەندین پرسدا لەگەڵ نەتانیاهوو جیاوازە، بەتایبەت دۆسیەی ئێران.

  • چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی کابینەی نەتانیاهوو لاببرێن.


ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئاحرنۆت بڵاوی کردووەتەوە، لە ئێستاوە شێوەی حکومەتەکەی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی ئیسرائیل دەرکەوتووە و گۆڕانکاریی گەورە لە کابینەی حکومەتی داهاتوودا دەکات، ئەگەر هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی سەر بگرێت.


ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە:

  • ئایزنکۆت هەوڵ دەدات هاوپەیمانی لەگەڵ چەند پارتێکی ئۆپۆزسیۆن بکات، تاوەکو ڕێژەی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت بۆ لابردنی نەتانیاهوو لە دەسەڵات.

  • ئایزنکۆت تاوەکو ڕۆژی 6ـی کانوونی یەکەم مۆڵەتی هەیە کابینەکەی پێک بهێنێت، دەتوانرێت ئەو وادەیەش بۆ یەک جار بۆ ماوەی 14 ڕۆژ بۆی درێژ بکرێتەوە.

ئەو وەزیرانەی دوور دەخرێنەوە

ئەگەر ئایزنکۆت لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو بێت، ئەوا گرنگترین ئەو وەزیرانەی لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە بریتین لە:

  • یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری.

  • گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوە.

  • ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی.

  • بیزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی.

  • گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان

کێ جێگەى کێ دەگرێتەوە؟

  • بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەڤیگادۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل ماڵمانە، جێگەی یسرائیل کاتز دەگرێتەوە و دەبێتە وەزیری بەرگری.

  • لیبەرمان هەفتەی پێشوو هەریەک لە بنیامین نەتانیاهوو و کاتزی بە لەدەستدانی بیر و هۆشیان تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی حەزیان بۆ دەسەڵاتەوە عەقڵیان لەدەست داوە.

  • پێشبینی دەکرێت بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل بە یائیر گۆلان بگۆڕێت و ناوی وەزارەتەکە بکاتەوە بە ئاسایشی ناوخۆ، چونکە بن غەفیر ناوی ئەو وەزارەتەی گۆڕیوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

  • بن غەفیر لە وەڵامی ئەگەری گۆڕینی بە یائیر گۆلان ڕایگەیاندبوو: "تیرۆریستەکان ئاهەنگ دەگێڕن و جووەکانیش دەگرین."

  • یائیر لابید دەبێتە وەزیری دەرەوە لە جێگەی گیدۆن ساعر؛ لابید سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن بووە و دۆسیەی کاروباری دەرەوەی بۆ بەرژەوەندیی کوتلەکەی بەڕێوە بردووە.

  • پێشبینی دەکرێت نەفتالی بینیت لە شوێنی بیزالێل سمۆتریچ ببێتە وەزیری داراییی ئیسرائیل.

  • عودێد فۆرێر لە شوێنی یاریڤ لیڤین پۆستی وەزیری داد وەردەگرێت.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە، هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی لەنێوان ئایزنکۆت و نەتانیاهوو شکستی هێناوە؛ پارتی یاشار دەڵێت، پارتەکەی نەتانیاهوو ئامادە نەبووە دەستبەرداری چەند پرسێکی بنەڕەتی بێت، لەوانە دوورخستنەوەی توندڕەوەکان لە حکومەت.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دۆسیەکانی نەتانیاهوو دادەخرێن

ئارام یوسف

Sat Nov 28 2026

Loading related news...