ئەمریکا سێ وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز و فۆردۆ و ئیسفەهانی لە ئێران بۆردوومانکرد

وێنەیەکی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە ئێران. فۆتۆ: AFP
وێنەیەکی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە ئێران. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشێکی سەرکەوتوویان بۆ سەر سێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران ئەنجامدا، کە هەریەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانن.

سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی 'تروس سۆشیال' رایگەیاند، هەر سێ وێستگە ئەتۆمییە گرنگەکەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و کۆتاییان بە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ هێناوە، گوتیشی "پاش هێرشەکان فڕۆکەکان گەڕاونەتەوە و ئاسمانی ئێرانیان بەجێهێشتووە".

ترەمپ رایگەیاند، ئێستا کاتی ئاشتییە و دەبێت ئێران رازیبێت بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە و دۆخەکەشى بە "ساتێکی مێژوویی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و جیهان" ناوبرد.

ماڵپەری ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسێکی ئیسرائیلەوە رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ پێشوەختە تەلئەڤیڤى لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران ئاگادارکردوەتەوە، بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا ترەمپ، نەتانیاهووى لە کاتی هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە،  لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2  بەکارهێنراون، میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن، نزیکەی 30 تۆن تەقەمەنی بەسەر وێستگەی فۆردۆدا فڕێدراوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، بۆردوومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهانی پشتڕاستکردووە، بەڵام گوتی، "بەر لەماوەیەک هەرسێ وێستگە ئەتۆمییەکە چۆڵکراون".