
ئیسرائیلییەکان بۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
وۆڵ ستریت جورناڵ دەڵێت، نزیکەی 67 هەزار ئیسرائیلی بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان دەگەڕێنەوە .
بە دەیان هەزار ئیسرائیلی کە لە دەرەوەی وڵاتەکەیان نیشتەجێن، پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل تاوەکو بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممە بکەن، پرۆسەکە لەکاتێکدایە کێبڕکێیەکی تووند لەنێوان سەرۆکوەزیران و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزۆسیۆن هەیە.
چاوەڕواندەکرێت نزیکەی 67 هەزار هاوڵاتیی ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
بەگوێرەی پرۆژەی گەشتبکە و دەنگبدە، کە ڕێکخراوێکی ئەمریکی قازانج نەویستیش ڕایگەیاندووە، گەڕانەوەی هاوڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان زیادی کردووە.
گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەتایبەت کە ئێستا ڕاپرسییەکان دەریانخستووە دەنگی پارتە سیاسییەکان لە یەکەوە نزیکن، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک زۆرینەی ڕەهای هەبێت.
ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە کە لە دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023-وە بەڕێوەبچێت کە بەدوایدا جەنگی غەززە و هەڵکشانە هەرێمییەکانیش ڕوویدا.
بەگوێرەی یاساکانی ئیسرائیلیش، دەبێت هاوڵاتییان لە ناوخۆی وڵاتی خۆیان دەنگبدەن، تەنیا گرووپێکی سنووردار نەبێت کە دەتوانن لە دەرەوەی وڵاتەکەشیان بەشداری پرۆسەکە بکەن ئەوانیش دیپلۆماتکاران و نێردە فەرمی و سەربازییەکانی دەرەوەی وڵات دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پرۆژەی گەشتبکە و دەنگبدە، بەشی زۆری ئیسرائیلییەکان کە نزیکەی 37٪ لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە ئیسرائیل، بەشێکی دیکەیان لە کەنەدا و ئوسترالیا و وڵاتانی دیکەشەوە دەگەڕێنەوە.

.jpg)


