هاوڵاتییەکى ئەمریکى بە ڕەچەڵەک میسڕى لە دەرگاى ئەنجوومەنى پیران دەدات

شۆڕش محەمەد5 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە

  • عەبدول سەیدی بە ڕەچەڵەک میسڕی بەربژێرى دیموکراتەکانە لە ویلایەتی میشیگن.

  • لەلایەن کۆمارییەکان و خودى دۆناڵد ترەمپەوە هێرشى توند دەکرێتەسەر عەبدول سەید.

  • بەوە تۆمەتبارى دەکەن کە پەیوەندیى بە گرووپى ئیخوان موسلمینەوە هەیە.

  • عەبدول سەید کێبرکێى مایک رۆجەرز، بەربژێرى کۆمارییەکان دەکات.

  • بەگوێرەى ڕاپرسییەکان سەید لە پێش بەربژێرى کۆمارییەکانە.

  • سیناتۆرە کۆمارییەکان سەرکەوتنى سەید بە مەترسى دەزانن.


بەربژێربوونى هاوڵاتییەکى بە ڕەچەڵەک میسڕى موسوڵمان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا لە ویلایەتى میشیگن لەلایەن دیموکراتەکانەوە بووەتە هۆى ئەوەى لەلایەن کۆمارییەکان و خودى دۆناڵد ترەمپەوە هێرشى توندى بکرێتەسەر.


عەبدول سەیدی بەربژێری دیموکراتەکان لە هەوڵى ئەوەدایە دەنگدەرانى ویلایەتى میشیگن لە دەورى بەرنامەکەى کۆبکاتەوە و کۆمارییەکانیش هێرشەکانیان بۆ سەرى چڕکردووەتەوە و بەوە تۆمەتبارى دەکەن کە پەیوەندیى بە گرووپى ئیخوان موسلمین هەیە، بەڵام سەید بە توندى ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

ئۆباما پشتگیریی دەکات

باراک ئۆباما، سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا لەمیانەى کەمپینێکى هەڵبژاردنى عەبدول سەید لە ڕۆژى 24ـى تشرینى یەکەمى 2026 لە شارى دیترویت بەشداریى کرد و پشتیوانى خۆى بۆ سەید ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژى دەنگدانى پێشوەخت لە میشیگن و بەر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن کە بڕیارە لە ڕۆژى 3ـى تشرینى دووەمى 2026 بەڕێوە بچێت.

ڕاپرسییەکان چی دەڵێن؟

  • عەبدول سەید لە بازنەى هەڵبژاردنى ویلایەتى میشیگن لە کێبرکێیەکى سەختە لەگەڵ مایک رۆجەرز، بەربژێرى کۆمارییەکان کە پێشتر و لە ساڵى 2024 لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پیران شکستى هێنا.

  • بە گوێرەى ڕاپرسییەکى دامەزراوەى ماریست کە لە ناوەڕاستى ئەم مانگە کراوە، عەبدول سەید پشتیوانیی 50%ـى دەنگدەرانى بەدەستهێناوە.

  • مایک رۆجەرز پشتیوانیی 48%ـى دەنگدەرانی بەدەستهێناوە.

  • ڕاپرسییەکى ریلکلیر بولیتیکس بەربژێرى دیموکراتەکان بە نزیکەى 2.6 خاڵى سەدى لە پێش بەربژێرى کۆمارییەکانەوەیە.

کۆماریەکان هێرشی توند دەکەن

یەکێک لەو کەسانەى چەند ڕۆژێکە هێرشێکى توند دەکاتە سەر عەبدول سەید و بە جیهادی و لایەنگرى ئیخوان موسلمین تۆمەتبارى دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکایە، بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەک لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.

هەروەک چۆن بەشێک لە سیناتۆرى کۆمارییەکان لە نموونەى تید کروز هۆشدارى ئەوە دەدەن کە ئەگەر سەید هەڵبژێردرێت دەگات بە چەندین زانیاریى ئەمنى نهێنى و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سەرچاوە هەواڵگریى و سەربازییەکانى ئەمریکا ڕووبەڕووى مەترسى دەکاتەوە.

عەبدول سەید کێیە و چی دەڵێت؟

  • هەرگیز نابمە ئەندامێک لە ئیخوان موسلمین و تەنیا دڵسۆزى دەستوورى ئەمریکا دەبێت.

  • ئەگەر عەبدول سەید لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت دەبێتە یەکەم موسڵمان و یەکەم هاوڵاتى ئەمریکى بە ڕەچەڵەک میسرى کە ببێتە ئەندامى ئەنجوومەنى پیران.

  • ناو و ناوبانگی عەبدول سەید، پزیشکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک میسری، تەمەن 41 ساڵ، لەدواى بەربژێربوونى لەلایەن دیموکراتەکانى ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پیران لە ویلایەتى میشیگن، دەرکەوت.

  • سەید توانیویەتى ئامادەیى و ناوبانگى خۆى لە ئەمریکا لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبردنى تەندروستى و کارى سیاسى، دەربخات.

  • لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی میشیگن لە خێزانێکی کۆچبەری میسری لەدایکبووە، لەگەڵ باوکی و زڕدایکی گەورە بووە، پێش ئەوەی ڕێگەی خۆی لە بوارەکانی پزیشکی و تەندروستی گشتیدا ببڕێت.

  • کاروانی ئەکادیمی خۆی لە زانکۆی میشیگن دەستپێکرد و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زیندەوەرزانیدا بەپلەی شەرەف بەدەستهێنا .

  • دواتر درێژەى بە خوێندنی باڵادا و بڕوانامەی دکتۆراى لە تەندروستی گشتی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و دکتۆرایەکی ترى لە زانستی پەتاکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بەدەستهێنا.

  • لە کەرتی تەندروستیشدا چەندین پۆستى وەرگرتووە و لە بواری سیاسیشدا سەید یەکەم ئەزموونی خۆی لە ساڵی 2018دا بوو، کاتێک لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی دیموکراتدا بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتی میشیگن بەربژێر کرا و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

  • لە ساڵی 2026دا، سەید بەربژێرکردنى بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتی میشیگن ڕاگەیاند.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

ترەمپ: ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنەکان

شۆڕش محەمەد

Mon Oct 26 2026

Loading related news...