میدیاى ئێران: دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ زیانێکی زۆری پێنەگەیشتووە
بەپێچەوانەى لێدوانەکانى دۆناڵد ترەمپەوە، میدیایى فەرمیى ئێران، رەتیدەکاتەوە وێستگەى ئەتۆمى فۆردۆ زیانى گەورەى بەر کەوتبێت و دەڵێن، تەنانەت خەڵکى ناوچەکە دەنگى تەقینەوەى گەورەیان نەبیستووە.
محەمەد مەنان رەئیسی، نوێنەرى قوم لە پەرلەمانى ئێران، بە ئاژانسى فارسى گوتووە، "بە پشتبەستن بە زانیاریی دروست دەتوانم ئەوە بڵێم، کە بە پێچەوانەی بانگەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ زیانێکی زۆری پێنەگەیشتووە و زۆرینەى ئەوەی زیانی پێگەیشتووە تەنیا لەسەر زەوی بووە، کە دەتوانرێت چاکبکرێتەوە".
ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەوەی دەکرا مەترسیدار بێت بۆ خەڵک پێشتر چۆڵکرابوو، هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمی راپۆرت نەکراوە".
جەختیکردووەتەوە، "قەبارەی ئەم هێرشانە ئەوەندە رووکەش بووە تەنانەت یەک شەهیدیش تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراوە".
ئەو پەرلەمانتارەى ئێران دەشڵێت، "بەڵام ئێمە ئەم دەستدرێژییەی ئەمریکا بە مانای چوونە ناوەوەی راستەوخۆی ئەمریکا بۆ ناو شەڕیش دەزانین و ئێستا ئەوە ئێرانە، کە دیاریدەکات کە چۆن و بە چ شێوەیەک وەڵامی ئەم گەمژەییە ئاشکرایەی ئەمریکا بداتەوە".
هاوکات ئاژانسى تەسنیم کە نزیکە لە سوپاى پاسداران، بڵاویکردەوە پاش بانگەشەکەى ترەمپ پەیامنێرەکەیان چووەتە ناوچەى فۆردۆ و خەڵکی ناوچەکە گوتوویانە "شەوی رابردوو وەک شەوانی پێشوو دەنگی فڕۆکەی بچووک و بەرگریی ئاسمانی بیستراوە".
بەگوێرەى ئاژانسەکە، خەڵکى ناوچەکە گوتووشیانە، "چەند دەنگێکی بەردەوامیان بیستووە، بەڵام نەک ئەوەی ترەمپ دەیڵێت و ئەو تەقینەوەیە گەورەیەى کە بانگەشەی بۆ کراوە".
بەگوێرەى ئاژانسەکە، ئێستا بارودۆخی ناوچەکە ئاساییە و ژیان بەردەوامە و تەنانەت دوکەڵ و بڵێسەی ئاگریش نابینرێت، هەروەها رێگای قوم بۆ کاشان و ئیسفەهان کراوەیە و هاتوچۆ بەردەوامە.
ئاژانسى تەسنیم دەشڵێت، "بەرپرسانی پارێزگاکان ئەو قسانەی ترەمپ رەتدەکەنەوە، کە دامەزراوەی فۆردۆ وێران بووبێت، و دەڵێن، زیانی کەم بە پێگە ئەتۆمییەکە گەیشتووە".
22/06/2025