ترەمپ: هەر سێ وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواویی لەناوچوون
پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی پێشکەشکرد و لەناوبردنی تەواویى هەرسێ وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی راگەیاند و گوتی، "ئامانجی هێرشەکانیان لەناوبردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بووە".
ترەمپ، گوتیشی، "ئەو کارەی سوپاکەمان ئەنجامیداوە لە مێژوودا دەگمەنە، دەبێت ئێستا ئێران ئاشتی قبوڵ بکات، ئەگەر ئەو کارە نەکەن هێرشەکانمان لە داهاتوودا زۆر گەورەتر دەبن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی گوت، "دەمەوێت سوپاسی سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهوو بکەم و پیرۆزبایی لێبکەم، ئێمە وەکو تیمێک کارمانکرد، پێشتریش کاری زۆرمان پێکەوە ئەنجامداوە، بۆ دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە لە ئیسرائیل، دەمەوێت سوپاسی سوپای ئیسرائیل بکەم بۆ کارە ناوازەکانیان، لە هەمووی گرنگتر دەمەوێت پیرۆزبایی لە گەلی ئەمریکا بکەم، ئەوەی سوپاکەمان ئەنجامیداوە لە مێژوودا دەگمەنە".
ترەمپ باسی ئەوەشیکرد، "هێزەکانمان هێرشی گەورەیان کردە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان، ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بوو، بۆردوومانەکان سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشیان بەدەستهێنا و هەر سێ وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواویی لەناوچوون".
سەرۆکی ئەمریکی راشیگەیاند، "ئێستا دەبێت ئێران ئاشتی قبوڵ بکات، ئەگەر ئەوکارە نەکەن هێرشەکانی داهاتوومان زۆر گەورەتر دەبن".
22/06/2025