ئێران: هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمى رووینەداوە
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیران رایگەیاند، هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە بۆ سەر دانیشتووانی ئێران نییە، ناوەندی سیستەمی سەلامەتیی ئەتۆمیی نیشتمانی وڵاتەکەش جەختدەکاتەوە، مەترسى لەسەر دانیشتووانى ناوچەکانى فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان نییە.
پاش بۆردوومانەکەى ئەمریکا، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە راگەیەندراوى یەکەمدا، گوتى، "دەستبەجێ تاقیکردنەوەی پێویستمان بۆ ئەگەری تیشکدانەوەى ئەتۆمى بۆ دەوروبەری شوێنە بە ئامانجگیراوەکان کردووە و هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووان نییە".
پاشان رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکى دیکەدا جەختیکردووەتەوە هیچ تیشکدانەوەیەک لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەو شوێنانەدا نییە، کە هێرشیانکراوەتە سەر". داواشى لە هاوڵاتییانى ئێران کردووە تەنیا گرنگی بەو هەواڵانە بدەن، کە لە سەرچاوە فەرمی و تایبەتمەندەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
هاوکات ناوەندی سیستەمی سەلامەتیی ئەتۆمیی نیشتمانیى ئێران لە راگەیەندراوێکدا گوتى، "هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری شوێنە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان نییە".
ناوەندەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەى ئەتۆمی کردووە و هیچ نیشانەیەکی پیسبوون تۆمارنەکراوە.
22/06/2025